دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

فازڵ میرانی: بۆ ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی حكومڕانیی عێراق ببنە هاوبەشمان

هەرێم نیوز

فازڵ میرانی، پەیامێك ئاراستەی هاونیشتمانیان دەکات و رایدەگەیەنێت "ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی حوكمڕانی، ببنە هاوبەشیان".

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتیی كوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بە دەنگدەرانی كوردستان دەڵێت "ئێمە بەدوای ئەو هاووڵاتییانەدا دەگەڕێین كە ببنە هاوبەشمان، لەگەڵمان بڕۆن بۆ پڕۆژەی فراوانکردن و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی. دەنگی ئێوە پابەندمان دەکات ئەو مافانەی دەتانەوێت بۆتان جێبەجێ بکەین، بە یاسا بییانچەسپێنین و بە كردەوە بەدواداچوونی بۆ بکەین."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەكەیدا  ئاماژەی بەوەشداوە، "هاونیشتمانیانی وڵاتی ئێمە، شایستەی هەموو ئەو شتانەن کە لێی بێبەشکراون یان دواخراوە، یان دەترسن لەوەی لەدەستی بدەن، لەگەڵمان بن و دەبینن چۆن پارێزگاریی لە مافەکانتان دەکەین و چۆن بەبێ هیچ منەتێک پێشکەشتانی دەکەین."

دووپاتیشی دەكاتەوە، "پارتی خەمی هەموو گەلانی عێراق هەڵدەگرێت، لە هەر کوێیەک بن، لە ناوەوە یان دەرەوەی عێراق، لە هەموو گوند و شارێک، لەسەر هەر کورسییەکی خوێندن، لەپێناو هەموو گوڵەگەنمێک، بۆ هەر کوڕ و کچێک، بۆ هەموو لاوان، بۆ فەرمانبەران، بۆ کاسبکارانی بازاڕ، بۆ ئەوانەی هەژار و برسیکراون و بەو هاوکارییانەی کە لە بنەڕەتدا موڵکی خۆیانە و منەتیان بەسەردا دەکرێت، بۆ خانەوادە سەربەرزە قوربانیدەرە بێبەشکراوەکان. لەگەڵمان بن، با پێکەوە سنوورێک بۆ نەهامەتییەکان دابنێین. هەرگیز دروست نییە ببینین مافەکانمان پێشێل دەکرێن یان تاکێک یان گرووپێک سازشیان لەسەر بکات.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتیی كوردستان لەکۆتاییدا نووسیویەتی، "ڕەوا نییە پۆست و پلەکان بەپێی میزاج و ئارەزوو ببەخشرێن. ناکرێت بێدەنگ بین لە ئاست ئەو مافانەمان، کە لێمان زەوت دەکرێت لەلایەن کەسانێکەوە کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان سوورن لەسەر دەستبەسەرداگرتنی چارەنووسی ئێمە، بە پشتیوانیی ئێوە و پێکەوە دەبینە بەربەستێکی پتەو لەبەردەم بەردەوامبوونی زیانەكان."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP