هەرێم نیوز
فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی كۆبانێ، پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و ڕایدەگەیێنێت، بە پشتیووانیی هاوپەیمانەكانمان، گەل و هێزەكانمان توانییان ئەم ڕێكخراوە تیرۆرستییە تێكبشكێنن كە هەڕەشە بوو بۆ سەر هەموو جیهان.
مەزڵوم عەبدی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ڕایگەیاند: “لەیادی ڕۆژی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ بەرخۆدانی کۆبانی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، یادی ئەو قوربانییە بێئەندازەیەی شەڕڤانانمان و گەلەکەمان لە بەرگریکردن لە شارەکەیان و تەواوی مرۆڤایەتی دەکەینەوە”.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بە ڕۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و پشتیوانیی جیهانی کرد لەو شەڕەدا و وتی: “هاوپشتی و پشتیوانیی جیهانی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانمان لەو شەڕەدا وەبیر دێنینەوە، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لەو ڕۆژە سەختانەدا لەگەڵمان وەستابوون، وەک سیمبوولێک بۆ یەکگرتوویی مرۆڤایەتی لەبەرامبەر تاریکی و توندڕەویدا”.
عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هاوپشتییە وایکرد بتوانن داعش لە کۆبانێ تێکبشکێنن و هەنگاو بنێن بەرەو کۆتاییهێنان بە “خەلافەتەکەیان”. وتیشی، ئەم سەرکەوتنە ڕێگەی خۆشکرد بۆ “بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان”.
ئەوكاتهی شاری كۆبانێ لەژێر هێرشی چڕی داعش بوو و مەترسیی کەوتنی لێ دەكرا، لهسهر داوای بارزانی و بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان، یەكەم كاروانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان له ڕۆژى 28ى ئۆكتۆبەری ساڵى 2014، گهيشتنه كۆبانێ، گەیشتنی هێزی پێشمەرگە، هاوکێشەی هێزی گۆڕی و توانرا بە ماوەیەکی کورت مەترسییەکانی سەر ئەو شارە کەم بکرێتەوە و کۆبانێش ڕزگار بکرێت.