هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە، فرۆشتنی کارتی دەنگدان و مامەڵەکردن بە دەنگی دەنگدەران بە حەرام و ناشەرعی ناو دەبات. ئەم بڕیارە ئایینییە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکی بەرفراوان لە عێراق و هەرێم لەسەر دیاردەی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دروست بووە و چەندین کەسیش لەسەر ئەم بابەتە دەستگیر کراون.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە فرۆشتنی دەنگ پرۆسەی هەڵبژاردن تێکدەدات، بۆیە ئەنجوومەنەکە بە تێکڕای دەنگ بڕیاریدا کە ئەم کارە حەرامە و ئەو پارەیەش کە لەم ڕێگەیەوە بەدەست دێت، حەرامە.
شێرکاوەیی ئاماژەی بەوەشدا کە "دەنگدان ئەمانەتە" و فرۆشتنی کارتی دەنگدان بە "غەش و خیانەت لە گەل و وڵات" دادەنرێت. ئەم کردارە خراپ بەکارهێنانی مافێکی شەرعی و یاساییە و هاوکاریکردنە بۆ تزویرکردن و گەیاندنی کەسانی ناشایستە بە پەرلەمان و ناوەندەکانی بەڕێوەبردنی وڵات. لە ڕووی یاساییشەوە، ئەم کارە بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت.
ئەم فەتوایە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی دەزگاکانی یاسا لە عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە. بەپێی زانیارییەکان، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق چەندین ئۆپەراسیۆنی لە چەند پارێزگایەکی عێراق (وەک بەغدا، ئەنبار، نەینەوا) ئەنجامداوە و ٤٦ کەسی بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەستگیر کردووە و دەستی بەسەر زیاتر لە ١٨٠٠ کارتی دەنگداندا گرتووە.
لەم چوارچێوەیەدا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە کڕین و فرۆشتنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان تاوانە و هەر بەربژێرێکیش ئەم کارە بکات لە هەڵبژاردن دوور دەخرێتەوە و دەدرێتە دادگا.