دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

فازڵ میرانی: پارتی لەگەڵ هاوبەشی و سازانە لە عێراق و هەرێم

هەرێم نیوز

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا پەیامی پارتی بۆ هەرێم و عێراق خستەڕوو، کە جەخت لەسەر گەڕاندنەوەی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان دەکاتەوە. هاوکات دڵنیایی دا کە پارتی لەم هەڵبژاردنەدا توانای بەدەستهێنانی یەک ملیۆن دەنگی هەیە.

میرانی ڕایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، پێویستە هەموو لایەنەکان پێکەوە کار بکەن. ئاماژەی بەوەدا کە دۆخی کورد، شیعە و سوننەکان لە عێراق جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لە باشی و خراپیدا، بۆیە دەبێت هەمووان یەک بگرن بۆ باشترکردنی دۆخەکە.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاشکرای کرد، دۆخی هەرێمی کوردستان سەقامگیرە و بانگەشەی هەڵبژاردن بە هێمنی بەڕێوە دەچێت.

هەروەها جەختی لەسەر گرنگی سەقامگیریی نەک تەنیا هەرێمی کوردستان، بەڵکو تەواوی عێراق کردەوە و سوپاسی خوای کرد کە تا ئێستا هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی لە هەرێم ڕووی نەداوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، میرانی تێبینی و سەرنجی یاسایی پارتی لەسەر شێوازی کارکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق خستەڕوو. ئەو ناڕەزایی پارتی بەرامبەر بە سیستەمی فرەبازنەیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەربڕی، چونکە بە وتەی ئەو، ئەم سیستەمە وای کردووە هەر کاندیدێکی کورد بۆ گەیشتن بە پەرلەمان پێویستی بە زیاتر لە 20 هەزار دەنگ بێت.

لە کۆتاییدا، میرانی ئەوەی دووپات کردەوە کە پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق گرینگە، بەڵام یەکلاکەرەوە نییە، چونکە هەنگاوی گرینگ لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنەوە دەست پێدەکات. ئەو پەیامی پارتی بۆ خەڵکی هەرێم و عێراق دووپات کردەوە کە لەگەڵ گەڕاندنەوەی هاوبەشی و سازانن و کار دەکەن بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری و گێڕانەوەی سەروەری بۆ عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP