دواین هەواڵ

جیهان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

عەراقچی: کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا قابیلی چارەسەر نییە

هەرێم نیوز 

عەباس عێراقچی کێشەی ئێران و ئەمریکا بە «چارەسەرنەکراو» ناودەبات و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی نوێی ئیسرائیل دەکات. 

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ، کێشەی نێوان حکومەتی ئێران و ئەمریکای بە «چارەسەرنەکراو» ناوبرد و، هاوکات هەڕەشەی ئەوەی کرد کە هەر هێرشێکی نوێی ئیسرائیل ڕووبەڕووی وەڵامدانەوەی تاران دەبێتەوە.

عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: ئامادەیی تاران ئێستا «تەنانەت لە سەردەمی جەنگی ١٢ ڕۆژەش زیاترە».

ناوبراو بێ ئەوەی ناوی ئیسرائیل بهێنێت، وتی: « مانەوە لە حاڵەتی ئامادەباشی بەمانای ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی دیکە نییە، بەڵام گرنگترین فاکتەری ڕێگری لە جەنگە... ئەگەر ئەوان هەڵە بکەن، ڕووبەڕووی وەڵامێکی هاوشێوە دەبنەوە.»

مایکل ئۆرێن، نووسەر و باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە واشنتۆن، لەم دواییانەدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێران ئینتەرناشناڵ هۆشداریدا کە هەرچەندە ئێران ئێستا گۆشەگیرە و لە ژێر فشار دایە، بەڵام ڕەنگە «هێرشە یەکلاکەرەوەکانی» لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا، تاران «بۆ چوونە ناو شەڕێکی کوشندەی دیکە» بوێرتر کردبێت.

عێراقچی لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بە وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا کرد و وتی: لەبەر ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان خەسڵەتی «زەربوزۆر و زاڵبوون»ی هەیە و  ئێرانیش تایبەتمەندی «نەچوونە ژێر باری زۆر»ی هەیە، کێشەی نێوان تاران و واشنتۆن چارەسەر نابێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP