دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

دەسەڵاتدارانی تەندروستی حەماس: ژمارەی کوژراوانی غەززە گەیشتە 68 هەزار و 216 کەس

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی غەززە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حەماسدایە لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا دەڵێت، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 57 تەرم لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە ناوخۆییەکان.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئێستا ژمارەی گشتی کوژراوە فەلەستینییەکان لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە گەیشتە 68 هەزار و 216 کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتە 170 هەزار و 361 کەس.

دەسەڵاتدارانی تەندروستی حەماس دەڵێن کە 12 تەرم لە ژێر داروپەردووەکاندا دۆزراونەتەوە و 45 کەسیش لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی "ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل" کوژراون.

دوێنێ سوپای ئیسرائیل دوای ئەوەی حەماسی تۆمەتبار کرد بە هێرشێک کە بە "پێشێلکاری ئاشکرای ئاگربەست" ناوی برد، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی لە سەرانسەری کەرتی غەززە ئەنجامدا.

حەماس جارێکی دیکە جەختی لە " پابەندبوونی تەواو" ی خۆی بە ئاگربەست کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە پەیوەندییان بە شەڕ و پێکدادانە ڕاپۆرتکراوەکانی باشووری کەرتی غەززەوە نییە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی غەززە هەروەها دەڵێت کە 158 کەسی دیکە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بریندار بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە "ژمارەیەک لە قوربانییەکان" هێشتا لە ژێر داروپەردووەکاندا ماون و ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بەردەوامن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP