دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی کارەبا هەڵمەتێکی نوێی بۆ کەمکردنەوەی پچڕانی کارەبا دەست پێ کرد

هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیەنێت، هەڵمەتێکی یەک مانگییان لە شاری هەولێر دەست پێ کردووە بۆ بڕینەوەی ئەو لق و پۆپی دارانەی کە لەگەڵ تۆڕەکانی کارەبادا تێکەڵ بوون و دەبنە هۆی پچڕانی کارەبا. وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات خۆیان لە ماڵپەڕی پرۆژەی ڕووناکی تۆمار بکەن بۆ ئەوەی پێشوەختە ئاگاداری کارەکان بن.

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تیمەکانی پرۆژەی ڕووناکی، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی چاکسازیی لە تۆڕەکانی کارەبای شاری هەولێر ڕاگەیاند.

وەزارەتەکە دەڵێت، هەڵمەتەکە بریتییە لە بڕینەوە و جیاکردنەوەی لق و پۆپی ئەو دارانەی کە لەگەڵ تۆڕەکانی کارەبادا تێکەڵ بوون و زۆرجار دەبنە هۆی پچڕانی کارەبای هاووڵاتییان.

ئاماژە بەوەش کراوە، چالاکییەکە بۆ ماوەی مانگێک لە شاری هەولێر بەردەوام دەبێت و هاووڵاتییانی هەر ناوچەیەک لە ڕێگەی کورتەنامەوە پێشوەختە ئاگادار دەکرێنەوە.
وەزارەتی کارەبا داوای هاوکاری لە هاووڵاتییان دەکات لە ڕێگەی ئەم دوو هەنگاوەوە:

1. هاووڵاتییان دەتوانن لە ماڵپەڕی پرۆژەی ڕووناکی خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی پێشوەختە ئاگاداری کارەکان بن و کورتەنامەیان پێ بگات.
2. داوا لە هاووڵاتییان کراوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکەدا، ئۆتۆمبێلەکانیان لە ژێر دارەکان ڕانەگرن، بۆ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێ نەگات.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکیدایە، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هەموو کوردستان تا کۆتاییی ساڵی 2026.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP