دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەردۆغان: ئێمە هەرگیز ئەحمەد شەرع و هاوڕێکانی بــەجــێــنــاهێڵـین

هەرێم نیوز

لە نێوان بەردەوامی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) و دیمەشق، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا داوای لە هەسەدە كرد "ڕێگه‌ی هەڵە نه‌گرێته‌به‌ر"، ئەو پێیوایه‌ کە هیچ هۆكارێك نییە بۆ ئەوەی ئەحمەد شه‌رع، سەرۆک کۆماری سوریا بۆ  قۆناغی ڕاگوزه‌ر و هاوەڵەکانی بە تەنیا جێبهێڵن.


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان لەکاتی گەشتی گەڕانەوە لە شەرم شێخ، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند، "یەکگرتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) لەگەڵ دیمەشق گەشەسەندنی وڵات خێراتر دەکات، هۆشداری دەدەینەوه‌ هه‌سه‌ده‌ لە بەردەوامبون لە ڕێگەی هەڵە، داواشیان لێدەکەین پشتیوانی لە یەکڕیزی و یەکگرتویی سوریا بکەن".

ئەردۆغان هەروەها هیوای ئەوەی دەربڕی کە "هەسەدە هەڵوێستێک بگرێتەبەر کە ببێتە هۆی یەکڕیزی خاکی سوریا و ئایندەیەکی خۆشگوزەران بۆ ئەو وڵاتە"، دوپاتیکردەوە، پەیوەندی هەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی سوریا لە هەمو ئاستەکان و لە هەمو بوارەکاندا بەردەوامن، "ئێمە سورین لەسەر بەرزکردنەوەی هەماهەنگی و هاوکاری نزیک بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی سوریا و ناوچەکە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو،  "هیچ بوارێک نییە بۆ ئەوەی ئەحمەد شه‌رع سەرۆک کۆماری سوریا و هاوەڵەکانی بە تەنیا جێبهێڵین".

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا چەندین دیدار لە نێوان هێزەکانی (هەسەدە) و حکومەتی سوریادا بەخۆیەوە بینیوە بۆ تاوتوێکردنی یەکخستنی ئەو هێزانە بە سوپای فەرمی و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان، هەروەها هەردولا باسیان لە ڕێگاکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئازار کرد کە لە نێوان سەرۆک کۆماری سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات واژۆ کرابو.

ئەو ڕێککەوتنە "یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ناوچەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا"ی دیاری کردبو، هاوکات گەرەنتی مافە دەستورییەکانی کوردەکان و مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان و مسۆگەرکردنی بەشداریکردنی هەمو سورییەکان لە پڕۆسەی ئینتقالیدا، هەروەها بڕگەی دیکەی پەیوەست بە ڕەتکردنەوەی بانگەوازەکانی دابەشبون و بەرەنگاربونەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوی لەخۆگرتبو، دواتر هەردولا بە ئاشکرا دەستیان بە دانوستانەکان کرد، بەڵام چەند ئاستەنگێک ڕێگر بون لە گفتوگۆی زیاتر.

لە کاتێکدا "ئیدارەی خۆسەر" پێداگری لەسەر پاراستنی پێگەی تایبەتی هێزەکانی سوپای سوریا دەکرد، دیمەشق ئەم داوایەی ڕەتکردەوە، لە کاتێکدا کە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای دەوڵەتی لامەرکەزی دەکرد، حکومەتی سوریا پێداگری لەسەر دەوڵەتی ناوەندگەرایی دەکرد، پێش ئەوەی بە زەبری "ئەرێنی" ڕاوێژکارییەکان دەستپێبکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP