هەرێم نیوز
پڕۆژەی "هەژماری من" رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە پارەی مووچە دەخرێتە سەر هەژماری ئەوانەی لە پرۆژەی "هەژماری من"دا تۆمار کراون.
بەگوێرەی پڕۆژەی "هەژماری من"، 465 هەزار مووچەخۆری هەرێمی کوردستان ئەم مانگە دەتوانن لە رێگەی هەژماری بانکییەوە مووچەی مانگی 6 وەربگرن.
بەرپرسانی پڕۆژەکە رایانگەیاند، "ئەمڕۆ، هەروەها سبەی و دووسبەی پارە لە ئامێرەکانی بانکەکانی هاوبەشی پڕۆژەکە دەبێت بۆ دابەشکردن."
ئەو کەسانەی لە رێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـەوە مووچە وەردەگرن، ئەمڕۆ یان رۆژانی دواتر دەبێت کاتێک بچن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان کە لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێنەوە، کە مووچە خراوەتە سەر هەژمارەکەیان.
پڕۆژەکە رایگەیاندووە، ئەمڕۆ لە تەواوی هەرێمی کوردستان مووچە دابەش دەکەن بۆ ئەوانەی بە نامە ئاگادار کراونەتەوە.
لە پڕۆژەی 'هەژماری من'دا تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 900 هەزار کەس خۆیان تۆمار کردووە و 540 هەزاریان کارتی بانکییان بۆ کراوە.
ئەمڕۆ دوو سەرچاوەی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، حکومەتی عێراق 616 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی شەش ناردووە و چاوەڕوانن 300 ملیاری دیکە بنێرێت.