هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، هەر پرۆسەیەکی سیاسی بۆ داهاتووی سوریا کە ئەوان و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەخۆنەگرێت، "پرۆسەیەکی ناتەواوە و مەترسیی شکستی لەسەر دەبێت."
لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێشوازی لە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، کە لە 10ی ئابدا دەرچووە و تێیدا تاوانەکانی دژی خەڵکی سڤیل لە سوەیدا سەرکۆنە کراون.
ئیدارەی خۆسەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوی كردەوە، هاوسۆزی هەموو ناوچەكانی وڵاتن كە ڕووبەڕووی پێشێلكاریی بوونەتەوە، پشتیوانی هەموو هەوڵێكی نێودەوڵەتیش دەكەن بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیلی سوریا و لێپرسینەوە لەوانەی تاوانیان ئەنجام داوە.
دەشڵێت: "بێبەشكردنی هێزە كاریگەرەكان، لەوانەش ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە لە پرۆسەی سیاسی سوریا، مانای وایە پرۆسەكە لە بنەڕەتدا ناتەواوە و هەڕەشەی شكستی لەسەرە".
ئەوەشی ڕاگەیاندووە، "ڕێككەوتنەكەی 10ی ئاداری ئەمساڵیش لەگەڵ بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش یەكدەگرێتەوە، بۆیە ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریكردن لە پێكهێنانی دەستەیەكی كاتی بۆ حوكمڕانیی سوریا، هاوكات نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕادەگەیەنین".
ئیدارەی خۆسەری داوای گفتوگۆیەكی نیشتمانیی گشتگیر بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، بۆ بنیاتنانی سووریایەكی دیموكراسی و هەمەڕەنگ كە ڕێز لە مافی هەمووان بگرێت، خەونەكانیان لە ئازادی، دادپەروەری و ئاشتی بەدی بهێنێت.