هەرێم نیوز
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت، چیتر دەسەڵاتی ناوەندی بەكەڵكی سوریا نایات و وڵات لە ناوخۆدا ناچارە بە گۆڕانکاری كە لەسەر بنەمای لامەركەزی بێت.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار نیوز، دیدگای خۆی بۆ داهاتووی سوریا خستەڕوو و تیشکی خستە سەر ڕێککەوتنی 10ی ئادار و بەردەوامیی گفتوگۆکان و داهاتووی هەسەدە لە سوریای یەکگرتوودا و چەند پرسێکی دیکە.
مەزڵوم عەبدی، ڕێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان خۆی و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کردنەوەی دەرگای دیالۆگ ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا کە هەرچەندە لە چوار مانگی ڕابردوودا هەنگاوی کرداریی گەورە نەنراوە، بەڵام ئاگربەست بەرقەرارە و هەوڵەکان بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بەردەوامن، کە ئێستا ئەمریکا و فەرەنساش تێیدا بەشدارن و ئامانج لێی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەیە.
جەختیشیکردەوە، سوریا دابەش نابێت و یەک دەوڵەت و یەک سوپای دەبێت، هەسەدەش بە دڵنیاییەوە دەبێتە بەشێک لەو سوپایە."ڕایگەیاند کە ئەم قسانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو "شەڕە تایبەتەیە" کە دەگوترێت ئەوان خوازیاری دابەشکردنی وڵاتن. لەوبارەیەوە "ئێمە باشتر لە هەمووان سنوور و دامەزراوەکانی دەوڵەتمان لە ناوچەکانی خۆماندا پاراستووە.
فەرماندەی هەسەدە چەمکی "یەکگرتنەوە"ـی بە "هاوبەشی" لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی سوریادا پێناسە کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەمە دەبێت لە ڕێگەی لێکتێگەیشتن و دیالۆگەوە بێت، نەک بە زۆر سەپاندن. سەبارەت بە دۆخی ناوچەکانی وەک دێرەزوور و ڕەققە، عەبدی ڕایگەیاند کە خەڵکی ئەو ناوچانە داوای "دیموکراسیی خۆجێی" دەکەن و دەیانەوێت دامەزراوەکانیان (کە دەیان هەزار فەرمانبەری مەدەنی و ئەمنی لەخۆدەگرن) و هێزە سەربازییەکانیان کە لە خەڵکی ناوچەکەن، وەک خۆیان بمێننەوە و لەلایەن خۆیانەوە بەڕێوەببرێن.
راشیگەیاند: "پرسی کورد پرسێکی نەتەوەییە و پێویستی بە چارەسەری تایبەت هەیە، بەڵام کێشەکانی دێرەزوور و ڕەققە زیاتر ئیداری و سیاسین نەک نەتەوەیی." ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پێویستە مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ داواکاریی پێکهاتە و ناوچە جیاوازەکاندا بکرێت.
لەبارەی دەروازە سنوورییەکان و سەرچاوە ئابوورییەکانی وەک نەوت، عەبدی وتی پلانیان ئامادەیە و پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە. جەختی کردەوە کە دەروازەکان دەبێت پەیوەست بن بە دیمەشقەوە بەڵام بە بەشداریی خەڵکی ناوچەکە. سەبارەت بە نەوتیش وتی: "سامانی هەموو سوریایە"، بەڵام پێویستە بەشێکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات تەرخان بکرێت کە بە درێژایی مێژوو پشتگوێ خراون.