هەرێم نیوز
نزیکەی مانگێک بۆ خۆتۆمارکردن لە پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک درێژ دەکرێتەوە، لەدوای ئەو بەروارەوە پڕۆسەکە دەکرێت بە پارە.
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، ڕایگەیاند: “دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، کاتی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی خۆڕایی، تا کۆتایی ئەم مانگە درێژ کرایەوە”.
باسی لەوەش کرد، “لە سەرەتای مانگی داهاتوو (ئەیلوول) بەدواوە، هەر هاووڵاتییەک ئەگەر بیەوێت پسووڵەکە بکاتە ئەلیکترۆنی، پێویستە بڕێک پارە بدات، بە گوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بڕی پارەکە بۆ هەر مامەڵەیەک 10 هەزار دینارە، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێم داوای کردووە بکرێتە پێنج هەزار دینار”.
بڕیاری دوای مانگی نۆ مامەڵەی گواستنەوە و زیادکردنی منداڵ لە ئەپڵیکەیشنی خۆراک زیاد بکرێت، لە پارێزگای هەولێر 83٪ـی هاووڵاتییان پسوولەی خۆراکیان پڕکردۆتەوە 17٪ـی ماوە پڕبکەنەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی بەشێکیان لە دەرەوەی وڵاتن و بەشێکیان مردوون تائێستا لە پسوولەی خۆراک ماون، بەشێکیش کێشەی خوێندنەوە یان نەبوونی کارتی نیشتیمانیان هەیە.