هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی رایدەگەیەنێت، "تاوەکو دوو رۆژی دیکە لیستی مووچەی مانگی 7 بۆ بەغدا دەنێرێت، بەرپرسێکی خانەنشینانی هەرێمیش دەڵێت، بۆ مانگی 7 ناوی زیاتر لە سێ هەزار خانەنشین لە لیستی مووچە زیادکراوە.
رۆژی دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، بەرپرسێکی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە کۆی 22 هەزار و 362 مامەڵە، 21 هەزار و 939 مامەڵە تەواو بوون، واتا تەنیا 423 مامەڵە ماون؛ ئەویش تاوەکو پێنجشەممە تەواو دەبن."
ئەو بەرپرسە وتی، "تەنیا لە مانگی تەممووزدا مامەڵەی سێ هەزار و 443 خانەنشین تەواو بووە و ناویان بۆ لیستی مووچەی مانگی تەممووز زیاد کراوە و لیستەکان بۆ وەزارەتی دارایی نێردراون، لە 1-1-2025ـەوە مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت، واتا حەوت مووچە بەیەکەوە وەردەگرن."
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئاشكرای کرد، "لیستی مووچەی مانگی 7 لە وەزارەت کاری لەسەر دەکرێت و هەندێک کاری کەمی ماوە، لە یەک-دوو رۆژی داهاتوودا لیستەکە بۆ بەغدا دەنێردرێت."
وتیشی، "لیستەکە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی تێدا نەکراوە، تەنیا ناوی خانەنشینان زیادکراوە".
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان، 303 هەزار و 353 خانەنشین هەن کە تێکڕای مووچەیان 195 ملیار و 353 ملیۆن و 522 هەزار دینارە؛ کە 186 هەزار و 377 خانەنشینی مەدەنی و 116 هەزار و 976 خانەنشینی سەربازین.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ـی ساڵی 2014، پابەند کرد، بەڵام تاوەکوو تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.