هەرێم نیوز
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێت. ماکرۆن لە پۆستێکیدا لە کەناڵی ئێکس نێت نووسیویەتی کە ڕاگەیاندنی فەرمی لە مانگی ئەیلولدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت.
سەرۆکی فەرەنسا هەروەها ڕایگەیاندووە، پێویستە بە زووترین کات شەڕی غەززە کۆتایی پێبێت و خەڵکی مەدەنی ڕزگار بکرێن.
لە درێژەی پۆستەکەیدا لە ئێکس وتی: ئاشتی مومکینە، پێویستمان بە ئاگربەستێکی خێرا و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و هاوکاری مرۆیی بەرفراوان بۆ خەڵکی غەززە هەیە.
هەروەها دەشڵێت: هاوپێچ لەگەڵ پابەندبوونی مێژوویی بە ئاشتی دادپەروەرانە و بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بڕیارم دا فەڕەنسا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت.
سەرۆکی فەرەنسا نووسیویەتی: پێویستە دڵنیایی لە داماڵینی حەماسیش بدەین و غەززە ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی غەززە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە "پاداشتی تیرۆر دەداتەوە و مەترسی دروستکردنی بە وەکالەتێکی دیکەی ئێرانی لەسەرە، هەروەک چۆن غەززە وای لێهات".
هەروەها وتی: لە هەلومەرجێکی وادا دروست کردنی دەوڵەتی فەلەستینی دەبێتە پێگەیەک بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل نەک پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەگەڵیدا.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کاردانەوەی توندی بەرامبەر بەو بڕیارەی ماکرۆن نیشاندا.
ناوبراو لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ئەم بڕیارە بێ بایەخە تەنیا خزمەت بە پڕوپاگەندەی بزووتنەوەی حەماس دەکات و پرۆسەی ئاشتی دوادەخات.
لای خۆیەوە حەماس پێشوازی لە بڕیارەکەی فەڕەنسا کرد.
وڵاتی کەنەداش پێشوازی لەو بڕیارە کرد و ڕایگەیاند ئەوانیش دەیانەوێت دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فڵەستیندا بنێن.