هەرێم نیوز
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغدا تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری بە بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دینار خستووەتە سەر هەژمارەکەیان، بەم پێیەش بێت حکومەتی عێراق زیاتر لە 15 ملیار دینار زیاتری لە مووچەی مانگی چوار ناردووە. بەرپرسێکی خانەنشین دەڵێت، پارە زیادەکە بۆ ئەو خانەنشینانەیە ئەم ساڵ مووچەیان وەرنەگرتوو.
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بەغداوە پارە بۆ مووچە نێردراوە و سبەی دابەش دەکرێت.
محەمەد داود، بەڕێوەبەری خانەنشینیی ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، "ژمارەیەک لە خانەنشینانی سنوورەکەمان مووچەمان لە 01ـی مانگی یەکی ئەم ساڵەوە تاوەکو 30ـی مانگی پێنج بۆ بەستوون و ئەم مانگە پێنج مووچە پێکەوە وەردەگرن".
بەڕێوەبەری خانەنشینیی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت: "پارەی زیاتر لە عێراقەوە نێردراوە بۆ مووچەی خانەنشینانە، کە ئەم ساڵ هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە. چونکە بۆ نموونەی لیستی ئێمە کە داوای پارەمان بۆ مووچەی مانگی پێنج کردووە داوای پارەی پێنج مانگی خانەنشینانمان کردووە کە زیاترە لە 3 ملیار و 900 ملیۆن دینارە، لەکاتێکدا مانگی پێنج لەو بڕە کەمترمان داوا کردبوو".
هەر ئەمڕۆ سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان رایگەیاند، "زۆرینەی خانەنشینان کە مووچەیان بۆ بەستراوە و تاوەکو ئەمڕۆ مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەم مووچەی کەهاتووە ئەوان مووچەی مانگەکانی یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج و پێکەوە وەردەگرن".
ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین بوون، کە ژمارەیان گەیشتە زیاتر لە 30 هەزار کەس، سادق عوسمان دەڵێت: "زۆرینەی خانەنشینان کە زیاتر لە 20 هەزار کەسن بەهۆی دواکەوتنی مووچە و مامەڵەکانیان و لە مانگی 11ـی پارەوە مووچەیان وەرنەگرتووە".
وتەبێژی یەکێتی خانەنشینان دەڵێت: "ئەو خانەنشینانی ئەم ساڵ کە ئەم مووچەیان وەرنەگرتووە، لەگەڵ ئەم مووچەیەدا پێنج مووچە وەردەگردن ژمارەیان زیاتر لە 10 هەزار کەسە".
بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 312 هەزار خانەنشین هەن، 164 هەزار خانەنشینی شارستانی و 148 هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.