هەرێم نیوز
ژمارەی گیان لەدەستدانی ئەو سەربازە تورکانەی کە بەهۆی گازی میسان ژەهراویبوون لە ناوچەی پەنجە کلیت لە سنووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، بۆ 8 سەرباز بەرزبووەوە، هەشت سەربازی دیکەش لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکی دان.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا لە هەرێمی کوردستان سێ سەربازی دیکەیان بە کاریگەریی گازی میسان گیانیان لەدەستدا.
دوێنێش سوپای تورکیا کوژرانی پێنج سەربازی ڕاگەیاند و بەوەش ژمارەی کوژراوەکانیان بۆ هەشت سەرباز بەرزبووەوە.
سوپای تورکیا وەک ئاماژەدان بەوەی ژمارەیەک سەربازی دیکەشیان بەر گازە ژەهراوییەکە کەوتووە ڕایگەیاند، “هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ ئەو کەسانە دەخوازین کە زیانیان بەرکەوتووە”.
ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرای دەکات کە سوپای تورکیا لە کاتی هێرشکردنە سەر تونێلەکانی گەریلا، گازی ژەهراوی بەکاردەهێنیت و پێشتریش پەکەکە لە چەند ڕاگەیەدنراوێکیدا ئەوەی ئاشکراکردبوو کە سوپای تورکیا بە گازی کیمیاوی و قەدەغەکراو هێرش دەکاتە سەر تونێلەکان.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەکرێت، کارەکانی پڕۆسەکەش پێی ناوەتە قۆناغێکی گرنگەوە. شرۆڤەکاران و سیاسەتمەدارنی تورکیا دەڵێن: ئەم ڕووداوە بەمەبەستی تێکدانی پڕۆسەکەیە و نابێت ڕێگە بدەن کاریگەری و بەربەست لەبەردەمی دروست بکرێت.