هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بەغدایە بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا، کێشەی مووچەبڕینی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 7ی 7ی 2025 ، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەولێر ، لەگەڵ ژمارەیەک لە کادیری ئۆرگانەکانی پارتی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی پارتی، تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.
لە بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش ، جێگری سەرۆکی پارتی، وتی، کێشەی ئێمە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، کێشەیەکی سیاسییە نەک تەکنیکی ، چونکە بەداخەوە لە بەغدا، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نادادپەروەرانە و بە جیاکاری و بە شێوەیەکی نادەستووری ، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت.
جەختیشی کردەوە، کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش ، قەوارەیەکی دەستووریی هەیە و دەبێ ڕێز لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگیرێت.
دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەرگیز دەستبەرداری هیچ مافێکی دەستووری خۆی نابێت .
باسی لەوەش کرد، کە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بەغدان بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا، کێشەی مووچەبڕینی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت.