هەرێم نیوز
كۆبوونەوەی وەفدی ئیمرالی و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە کۆشکی سەرۆک کۆمار لە ئەنقەرە، دەستیپێكرد.
وەفدی ئیمراڵی پێكهاتووە لە (پەروین بوڵدان)و (مەدحەت سانجار)، لەلایەن ئەردۆغانیشەوە هەریەكە لە (ئیبراهیم کاڵن) سەرۆکی دەزگای هەواڵگیریی میت و (ئەفکان ئالا) سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە لە پەرلەمانی تورکیا ئامادەن.
کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەدەچێت و دوای رۆژێك دێت لە دیداری وەفدی (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە دورگەی ئیمرالی.
بڕیارە لەدوای ئەم كۆبوونەوەیەوە ئیتر پرسی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد لە توركیا بچێتە قۆناغێكی نوێوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، 6ی 7ی 2025، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، پەرلەمانتارانی پارتەکە و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتبوو، سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە.
شاندەکە هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، "تەندروستیی ئۆجەلان زۆر باش بوو، هەروەها ورەبەرزیش بوو".
ئەوەشی خستەڕوو، رێبەری زیندانیکراوی پـ.ـەکـ.ـەکـ.ـە وتوویەتی، پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە قۆناخێکی نوێ و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی هەموواندایە پاڵپشتیی لە هەنگاوەکانی دواتری سەرخستنی بکەن.