دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک: کاک مەسرور بارزانی پێ داگرە لەسەر بەشی زیاتر بۆ هەرێم

هەرێم نیوز
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک دەڵێت: " کاک مەسرور بارزانی پێ داگرە لەسەر ماف و بەشی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان".

 عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، کەسایەتی دیاری چەمچەماڵ ڕایگەیاند: "ڕاستە هەرێمی کوردستان لە قەیرانی دارایی دایە و دوو مانگە مووچە وەرنەگیراوە، ئەوەش ڕاستە کە شەفافیەت و دادپەروەری تەواو لە داهاتی ناوخۆیی نیە و بەرپرسان و کۆمپانیا حیزبیەکان بەتایبەت ئەوانەی پارتی و یەکێتی گەندەڵی و قۆرخکاری دەکەن".

گووتی: "بەڵام ڕێگای زۆر و جۆراوجۆری ناوخۆییمان هەیە بۆ سزادان و ڕێگری لەو گەندەڵی و چاوچنۆکیەی ناوخۆ و ناکرێت ئەو کێشە ناوخۆیانە تێک بە ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم بکرێت".

هەروەها دەشڵێت: "ئێمە لە ئێستادا لە دانوسانداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، دانوسانیش پێویستی بە پشوو درێژی و خۆ ڕاگریە بۆ پچڕینەوەی پشکی زیاتر و زیاتر لە بەرامبەر".

ئاماژە بەوەدەدات: "وەکو ئەوەی کە کاک مەسرور بارزانی پێ داگرە لەسەر ماف و بەشی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان، نەک وەکو ئەو کەس و لایەنانەی کە بە تەواوی ورەیان بەرداوە یان دەیانەوێت خۆیان شیرن بکەن لای بەغدا و ئەڵێن با بە زوویی بە هەموو داواکاریەکانی بەغدا ڕازی بین".

لە درێژەی قسەکانیدا ئاشکراشی کرد: "نەرمی نواندنی وەها لە هیچ ڕێککەوتن و دانوسانێکدا نەبووە و خەریکە هەندێک لەو کەس و لایەنانە دەبنە جێگای گومان کە قازانیجی گەلەکەیان دەوێت یان بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەیە لەگەڵ بەغدا یان بۆ مل شکاندنی یەکتر وادەکەن، ئەم گرفتانە هەر چارەسەر دەبێت، بەڵام نابێت بە لاسەنگی و تەسلیم بوونی لایەک بێت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP