دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

هەرێم بۆ بەغدا: جۆرێک لە پەردەپۆشکردن لەو زێدەڕۆییە ئەمنییانە هەیە کە دژی هەرێم دەکرێت

هەرێم نیوز 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، هەست دەکەن جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن، دەشڵێت، لەساڵانی ڕابردوش كاتێ هێرشكراوە لیژنەی هاوبەش لە نێوان هەرێم بە بەغدا دروستكراوە، بەڵام نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان ئاشكرا دەكران و نە كەس سزا دەدرا.

ئەمڕۆ شەممە 5ـی 7ـی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو چاوەڕوانییەی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدڕاڵ، لە کاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێم یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق هەیە، لەبری گرتەنبەری ڕێوشوێنی پێویست و ڕێگەگرتن لە دووبارەکردنەوەی هەڕەشەکان و سزادانی تاوانباران، بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیاربوون و، چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بە داخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا کران، نە لەسەر ئەو تاوانە كەس سزا درا، بەڵکو هیچ ڕێوشوێنێكیش لە بەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر، لە کاتێکدا بەرزترین ئاستی هەماهەنگی لە نێوان هەردوو حکوومەت هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەر دەست بوونە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەش کردووە، كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان لە هەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات، ئەركی لە پێشینەی دامودەزگا فەرمییەكانی هەردوو حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە هه‌ینی، 4ـی 7ی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، دوو ڕۆژ لەمەوبەر، درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆلەوانی لە نزیک هەولێر کەوتە خوارەوە، ئەم هێرشانەش لە لایەن هەندێ گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە ئەنجام دەدرێن و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و ڕێکاری یاسایی بەرانبەر بە تاوانباران بگرنە بەر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP