هەرێم نیوز
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە بەپەلە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بۆری عێراق - تورکیاوە دەست پێبکاتەوە، چونکە داخستنی زیانی بە سێ کۆمپانیای ئەمریکی گەیاندووە و ئەمەش "قەبووڵنەکراوە".
تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "زۆر گرنگە حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر بەپەلە کاربکەن بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا" .
وتیشی،" بازرگانی سێ کۆمپانیای ئەمریکی ڕاستەوخۆ زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی داخستنی بۆرییەکەوە. ئەمە قەبووڵنەکراوە. ئێمە چەندین جار داوامان لە هەموو لایەنەکان کردووە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و دواخستنی پرسەکە قەبووڵ ناکەین."
سەرەڕای پابەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو کێشەیە چارەسەر نەبووە، ئەمەش ئەمریکای نیگەران کردووە.