هەرێم نیوز
ئێران داخرانی ئاسمانی ناوچەكانی ناوەند و رۆژئاوای وڵاتەكە بەڕوی گەشتە ئاسمانییەكاندا درێژکردەوە.
وتەبێژی وەزارەتی رێگەوبان و شارسازیی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای وڵاتەكەی وتی، داخرانی ئاسمانی ناوچەكانی ناوەند و رۆژئاوای ئێران بەڕوی گەشتە ئاسمانییەكاندا تاوەكو سەعات 2ی پاشنیوەڕۆی سبەی پێنجشەممە درێژدەكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، گەشتە ئاسمانییە نێوخۆییەكان و دەرەكییەكان لە باكور، باشور و رۆژئاوای وڵات هەڵدەوەشندرێنەوە تاوەكو سەعات 2ی پاشنیوەڕۆی سبەی.
ئەوەشی خستۆتەڕو، گەشتەكان لە فڕۆكەخانەكانی باكور، باشور و رۆژئاوای وڵات و هەردو فڕۆكەخانەی میهرئاباد و ئیمام خومەینی لە تاران تاوەكو ئێستا قەدەغەن و هاوڵاتیان بلیتی فڕۆكە بۆ ئەو شوێنانە نەكڕن.