هەرێم نیوز
تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 17 تووشبووی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تووشی پەتاکە بوون گەیشتووەتە 184 کەس.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاند، هەفتەی رابردوو 17 توشبووی نوێی پەتای تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و کەسێکیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانی لەدەستداوە.
بە وتەی سەیف بەدر، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی نەخۆشی تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 24 کەس.
یەکێک لەو کەسانەی کە هەفتەی رابردوو تووشی نەخۆشییەکە بووە هاوڵاتییەکی تەمەن 47 ساڵە کە دانیشتووی گەڕەكی فەرمانبەرانە و لە مەیدانی ئاژەڵان کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی کردووە.
بە پێی راگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دوو مانگدا شەش حاڵەت دەستنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە، کە حاڵەتێکیان لەبەر قورسیی باری تەندروستی گیانی لەدەست دا و حاڵەتەکانی دیکە بە تەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوونە.