دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

دوایین زانیاری له‌باره‌ی هێرشه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر كه‌ركوك و سەڵاحەدین

هەرێم نیوز

شەوی رابردوو سێ کاتیۆشا ئاراستەی فڕۆکەخانەی کەرکوک کران، کە دووانیان لە فڕۆکەخانە و یەکێکیشیان لە ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنی لە گەڕەکی عروبە کەوتە خوارەوە. لەلایەکی دیکەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوا هێرشکرایە سەر پاڵاوگەی بێجی لە سەڵاحەدین.

شەوی رابردوو دوای ئەوەی قوتابخانەیەک لەناو کەمپی دەرکار لە نزیک زاخۆ بە درۆن کرایە ئامانج، سێ کاتیۆشا ئاراستەی فڕۆکەخانەی کەرکوک کران، کە دووانیان لە فڕۆکەخانە کەوتە خوارەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند، سێ موشه‌ك ئاڕاسته‌ی كه‌ركوك كراون، "دوو موشەک کەوتونەتە سەر بنکەی ئاسمانی کەرکوک" و سێیەمیش لەسەر "ماڵی هاوڵاتییەک"، بەبێ ئەوەی "هیچ زیانێکی گیانی و زیانی ماددی  ئه‌وتۆی لێبکەوێتەوە".

سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە، ڕوداوەکە بوەتە هۆی برینداربونی سوکی دوو کارمەندی ئەمنی له‌ نێو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ركوك.

بەپێی لێدوانی رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، گوماندەکرێت ئەو کاتیۆشایانە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە هەڵدرابن، ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسێکی باڵای داعش لە سنوری کەرکوک کوژرا.

لەلایەکی دیکەوە لەدای سەعات 2ی بەرەبەیان، لەرێگەی چەند درۆنێکەوە کە بەپێی لێدوانی عادل ئەحمەد قائیمقامی قەزای بێجی؛ ژمارەیان زیاتر لە 10 درۆن دەبوو، هێرشکرایە سەر پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین.

قائیمقامی قەزای بێجی باسی لەوەشکرد، ئەوە یەکەمجارە بەو جۆرە هیرش بکرێتە سەر پاڵاوگەی بێجی.

ئەوەشی خستە روو، سیستمی بەرگریی ئاسمانی پاڵاوگەکە توانیویەتی درۆنەکان بخاتە خوارەوە و زیان بە پاڵوگەکە نەکەوتووە.

راشیگەیاند، لە هێرشەکەدا هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەکەوتووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP