دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەشواق جاف: ئێمە شتێکی زیاترمان ناوێت لەوەی لە دەستووردا هاتووە، بە کەمتر لەوەش ڕازی نابین

هەرێم نیوز 

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، چەند لایەنێکی بەغدا بەردەوام کێشە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن، دەشڵێت، ئێمە شتێکی زیاترمان ناوێت لەوەی لە دەستووردا هاتووە، بە کەمتر لەوەش ڕازی نابین و قەبوڵی ناکەین. 

ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی 7ی 2025، ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە، چەند لایەنێک لە بەغدا کە دژی ڕێککەوتنن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، باوەڕییان بە فیدراڵییەت نییە. 

وتیشی: پێم وایە ئەو لایەنانە بەشێوەیەکی کاتی، کێشەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن، چونکە ئەوانەی لە عێراق هاتوونەتە سەر حوکم، هەندێکیان باوەڕیان بە فیدراڵییەت نییە. 

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵێت: ئێمە لە هەموو گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق، ڕێککەوتنمان کردووە و لە کارنامەی حکوومەت جێگیر کراوە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام  سەرۆک حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق کاتێک لەسەر کورسییەکانیان دادەنیشتن، کارنامەکەیان پشتگوێ دەخست، نەوەک هەر ئەو بەندانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، بەڵکو زۆربەی ئەو بەندانەی لەناو کارنامەکانی حکوومەت هەبوون، بۆیە داوامان کرد لایەنی سێیەم ئامادەی گفتوگۆکان بێت یاخود چاودێریی گفتوگۆکان بکات.

ئەشواق جاف وتیشی: ئێمە شتێکی زیاترمان ناوێت لەوەی لە دەستووردا هاتووە، بە کەمتر لەوەش ڕازی نابین و قەبوڵی ناکەین، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان وێنایەکی زۆر خراپیان لە ئیدارەدانی دەوڵەت نیشانی هەموو جیهان دا بە بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی دەستووری و یاساییان هەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP