هەرێم نیوز
وەزارەتی تەندروستی لوبنان، ڕایگەیاند، لە دو هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆسەر باشوری لوبنان سێ کەس کوژران، هاوکات سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەندامێکی حزبوڵای لوبنانیان کردوەتە ئامانج.
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی كونين، كەسێك گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندارە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشی دوەمی ئیسرائیل بۆ سەر ماتۆڕسیکێك بوە كە لە شارۆچکەی محرونە ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا دو کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان ژنە و کەسێکی دیکەش برینداربو.
لایخۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە "ئەمڕۆ لە ناوچەی كونين لە باشوری لوبنان هێرشیان کردوە و حەسەن محەمەد حەمودی، فەرماندەی موشەکی دژە تانکی حزبوڵای لە ناوچەی بینت جبەیل لەناوبردوە".
ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر لوبنان
سەرەڕای ئاگربەستێک کە لە مانگی (تشرینی دوەم/11)ـی ساڵی ڕابردوە كە کاری پێدەکرێت، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر لوبنان بەتایبەت لە باشور و لە ئەنجامدا زیانی گیانی لێدەکەوێتەوە.
ئیسرائیل دوپاتی دەکاتەوە کە ڕێگە بە حزبوڵڵا نادات تواناکانی خۆی لەدوای شەڕەکە بنیاد بنێتەوە، کە تیایدا زیانێکی بەرچاوی لە ژێرخانی سەربازی و سەرکردایەتیدا لێ كەوێت.