هەرێم نیوز
ئێن بی سی نیوز بڵاویکردەوە، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران كۆدەبێتەوە بۆ " راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرامبەر بە سوككردنی سزاكان".
تۆڕی هەواڵی " ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریكی بڵاویکردەوە: ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی، لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دەکات.
بەگوێرەی سەرچاوەكە: گفتوگۆکانی ویتکۆف، تایبەت دەبێت بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن، بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرامبەر سوككردنی سزاکان.
ئەم هەنگاوە نوێیە، لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا دێت، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییە ئەتۆمییەکان و کردنەوەی کەناڵی راستەوخۆی پەیوەندی نێوان واشنتۆن و تاران.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمەریکا دەربڕی، بەڵام داوای لە دۆناڵد ترەمپ کرد، بێڕێزی بەرامبەر رابەری باڵای ئێران رابگرێت.