هەرێم نیوز
مالپەری بەغداد تودەی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە هەوڵێکی نوێدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و دارایی نێوان بەغدا و هەولێر، سەرچاوەیەکی ئاگاداری حکومەت ئەمڕۆ هەینی وردەکارییەکانی گفتوگۆکانی نێوان وەفدی فیدراڵی کە سەردانی هەولێریان کردووە و بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی گشتگیر لەسەر هەناردەکردنی نەوت و دارایی مووچەی ئاشکرا کرد.
سەرچاوەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ "بەغدا تودەی " ڕایگەیاند " وەفدی یەکەم تەکنیکی بوو و نوێنەرانی وەزارەتەکانی نەوت و دارایی و جگە لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی تێدابوو و گفتوگۆی ئەرێنی لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ئەنجامدا کە بڕیارە سبەینێ لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان تەواو ببێت."
ئاماژە بەوەشدراوە "ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێکی فراوانی حکومەت دەگاتە هەولێر و لەگەڵ وەزیری دارایی و وەزیری سامانە سروشتییەکان کۆدەبێتەوە و جگە لە کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی بە ئامانجی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی مووچە دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر داهاتی نەوت و نانەوتی".
هاوکات، شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە، ئەو دانیشتنانەی کراون ئەرێنی بوون، هەموو هەوڵەکە بۆ ئەوەیە بگەینە ڕێککەوتن، بە تایبەت باسی ئەوە کراوە کۆمپانیا نەوتییەکان ڕازی بکرێن نەوت هەناردە بکەنەوە، تێڕوانینی هەردوولا ئەرێنی بووە و لەیەک نزیکن.
شوان کەلاری ئاماژەی بەوەشداوە: کۆمپانیاکانی بواری نەوت دەڵێن پێویستە گرەنتی هەبێت کاتێک ئەو نەوتەی هەناردەی دەکەین کۆمپانیای سۆمۆ شایستەکانمان لە کاتی خۆی بۆ خەرج بکات، کۆمپانیاکان دەترسن شایستەکانیان وەک مووچەی فەرمانبەرانی لێ بێت بۆیە بێ متمانەیی هەیە، بەڵام هەردوولا نزیکن لەوەی ئەمە چارەسەر بکرێت.
لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەوڵی جددی هەیە بۆ ئەوەی کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت. لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بە ئەگەری زۆرەوە ڕێککەوتن، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و ناردنی مووچەی فەرمانبەران دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی 25ی 6 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوموتی هەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ڕایگەیاند، لەم یەک دوو ڕۆژە شاندێکی بڕیاربەدەستی بەغدا دێتە هەرێمی کوردستان بۆ ڕێککەوتن لەسەر مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت. دوێنێ پێنجشەممە شاندەکە تەكنیكییە گەیشتنە هەولێر و پێكهاتبوون لە نوێنەرانی ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی عێراق، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق، دیوانی چاودێری دارایی عێراق، لەگەڵ نوێنەرانی هەردوو كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیای نەوتی باكوور.