هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باكور لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: کۆریای باكور بە توندی ئیدانەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکات، کە پێشێلكاری گەورەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێزگرتن لە سەروەریی خاكی ئێران کردووە، ئیسرائیل هۆكاری سەرەکی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ئاژانسی هەواڵیی کۆریا 'KCNA' بە پشتبەستن بە وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور دەڵێت: ئەمریکا بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی قۆستەوە، هاوكات ئیسرائیلیش بە هۆكاری سەرەكیی گرژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەسف دەكات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر هەرسێ وێستگە سەرەكییەكەی ئەتۆمیی ئێران کرد و بە سەختی بۆردوومانی كردن، ئەو پێشهاتەش كاردانەوەی گەورەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە و بە مەترسی بۆ سەر پەرەسەندنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، لێكدرایەوە.