هەرێم نیوز
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "بەیانی ئەمڕۆ بەکرێگیراوانی تیرۆریستی ئێران مووشەکیان ئاراستەی نەخۆشخانەی سۆرۆکا و هەروەها ناوچە مەدەنییەکانی ناوەڕاستی وڵات کردووە، دیکتاتۆرەکانی ئێران باجی تەواوی ئەو هێرشانە دەدەن".
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسیان لەوە کردبوو کە مووشەک بەر ناوچەی دەوروبەری نەخۆشخانەی سۆرۆکا و ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە باشوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل کەوتووە.
لە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، نەخۆشخانەی سۆرۆکا زیانی زۆری پێگەیشتووە.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراوەتەوە نەخۆشخانەی سۆرۆکا لە ئیسرائیل بەر مووشەک کەوتووە، بەهۆی ترسی دزەکردنی ماددەی تەقینەوەش بەتەواوەتی چۆڵکراوە.
وەزیری تەندروستی ئیسرائیل دەڵێت: هێرشکردنە سەر ناوەندی پزیشکی تاوانی جەنگە و ئێران هێڵی سووری تێپەڕاندووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، هێرشی موشەکەکان بۆ سەر نەخۆشخانەکە بووە هۆی برینداربوونی 26 کەس، کە دەوترێت باری تەندروستی دوو کەسیان ناجێگیرە.