هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئێران بەدووری دەزانێ دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا بەمزووانە و بە خێرایی دەست پێ بكاتەوە. دووپاتی كردووەتەوە كە دەرگای دیپلۆماسی هەرگیز داناخرێت، ئەوەیش بەو واتا نییە دانوستان بەخێرایی دەست پێ بكاتەوە و ئێران پێویستی بە كاتی زیاتر هەیە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: تەکنۆلۆژیا و زانستی پیتاندنی یۆرانیۆم بە بۆردومان لەناو ناچێت.
عراقچی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس نیوز"ی ئەمریكی رایگەیاند: ئێران دەتوانێت بە خێرایی ئەو زیانانە چارەسەربكات کە بەهۆی هێرشەكانەوە کەوتووەتەوەو قەرەبووی كاتە لەدەستچوو بکاتەوە، وەک خۆی دەڵێت، ئەگەر ئیرادەمان هەبێت بۆ ئەنجامدانی پێشکەوتنی نوێ لەم پیشەسازییەدا.
وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئەوەی گومانی هەبوو لە دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا بە خێرایی، بەڵام جەختی لەوە کردەوە: هەرگیز دەرگا دیپلۆماسییەكان داناخرێن.
عراقچی وتی: پێموانییە دانوستانەکان بەو خێراییە دەست پێبکەنەوە، بۆ ئەوەی ئێمە بڕیاری لە سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەی بدەین، پێویستە سەرەتا دڵنیابین لەوەی ئەمریکا لە کاتی دانوستانەکاندا هێرشێکی سەربازی ناكاتە سەرمان.
وتیشی: پێموایە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشەدا، ئێمە هێشتا پێویستمان بە کاتی زیاترە، بەڵام دەرگاکانی دیپلۆماسی هەرگیز داناخرێن.
عراقچی لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا ئێران بەنیازی درێژەدانە بە پیتاندنی یۆرانیۆم، پێداگری لەسەر ئەوە کرد، بەرنامە ئەتۆمییەكەیان ئاشتیانەیەو، بووەتە پرسێكی شانازی و شکۆمەندی نەتەوەیی، گەل بە ئاسانی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت.
بەجیا ئەو وەزیرە لێدوانی لەسەر شەڕی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیلدا کە دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکان لە فۆردۆ و نەتەنز و ئیسفەهان کۆتایی هات، عێراقچی وتی، "لەو شەڕە 12 ڕۆژەدا کە بەسەرماندا سەپێندرا، سەلماندمان کە توانای بەرگریکردنمان لە خۆمان هەیە، ئەگەر توشی هەر دەستدرێژییەک بوین بەردەوام دەبین".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەم دواییانەدا ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران لەم هەفتەیەدا کرد، هەرچەندە کۆشکی سپی بە فەرمی ڕەتیکردەوە وادەی دانوستانەکان دیاری بکات.