دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

حیزبی دیموکراتی كوردستانی ئێران: ئەوەی ئێستا لە ئێراندا ڕوو دەدا بەرهەمی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە

هەرێم نیوز

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا لە ئێراندا ڕوو دەدا بەرهەمی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە. و"یەکەم مەرجی ڕزگاربوونی گەلانی ئێران، کۆتایی‌هێنان بەتەمەنی ئەم ڕێژیمەیە"

دەقی راگەیاندراوەکە:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی ئیسڕائیل لە چەند شەپۆل هێرشی بەربڵاودا چەند بنکەیەکی سەربازی و ئەتومیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە چەند شارێکدا بۆمباران کرد، هەروەها چەند زانایەکی ئەتومی و کۆمەڵێک فەرماندەری پلەبەرزی سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی کوشت.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی ماهییەتی شەڕخوازانە و قەیرانخوڵقێنیی خۆی و لەسۆنگەی سیاسەتی شەڕفرۆشی و ناسەقامگیرکردنی ئەمنییەتی ناوچەیی و جیهانی، ئەمجارەیان بڵێسە و ئاگری شەڕی هێنایە نێوخۆی وڵات. ئەم ڕێژیمە تێرۆریستە کە ئامادە نیە مل بۆ هیچ پەسندکراو و ڕێککەوتننامەیەکی نێونەتەوەیی ڕابکێشێ، ڕێز لە سەروەریی سیاسیی وڵاتانی دیکە بگرێ و خەڵکی ئێرانی وەک قەڵغانێک بۆ بردنەپێشی سیاسەتە چەوت و دژە‌گەلییەکان بەبارمتە گرتوە، بەرپرسیاری هەموو قەیرانەکانی ئێستا و ئەو دۆخەیە بەسەر وڵاتدا سەپاوە.
کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دەهۆڵی شەڕ دەکوتێ، کە ئەو شەڕە شەڕی گەلانی ئێران و بەرژەوەندییەکانی ئەوان نیە؛ بەڵکوو شەڕی دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامییە کە هەتا ئێستا هەموو سامان و دارایی خەڵک و وڵاتی ئێرانیان بۆ مەرامە ئایدۆلۆژییەکانیان بەفیڕۆ داوە و قەیران لە دوای قەیران بۆ خەڵک و کۆمەڵگەی وڵات بە دیاری دێنن.
خەڵکی ئێران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بە بەردەوامی بە ڕێگای جۆراوجۆری وەک بایکۆتکردنی بەناو هەڵبژاردنەکان، مانگرتن، ناڕەزایەتی‌دەربڕین و خۆپێشاندانی جەماوەری بەتایبەت لە بزووتنەوەی ژینادا دەنگی خۆی بە کۆمەڵگەی جیهانی گەیاندوە و بەئاشکرا ڕایگەیاندوە کە ئەم ڕێژیمە هیچ شەرعییەتێکی سیاسی و گەلیی نیە و لە شێوەی جۆراوجۆردا ئیرادەی خۆیشی بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی نواندوە.
٤٧ ساڵ دەسەڵاتی ڕەش و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی ئاکامەکەی تەنیا تێرۆر و کوشتنی ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی وڵات، سەرکوتی هەمەلایەنەی ماف و ئازادییەکانی خەڵک، وێرانی و پاشکەوتوویی وڵات لە ڕووی ئابووری و ژینگەیی و کەڵەکەبوونی سەدان قەیرانی سیاسی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی لەسەر یەکتری بووە. ئەوەش کە ئێستا لە ئێران ڕوو دەدا، بەرهەمی سیاستەکانی کۆماری ئیسلامییە و بە مانەوەی ئەم ڕێژیمە لە دەسەڵاتدا ئەم دۆخە بەرەو خراپبوونی زیاتریش دەچێ، بۆیە یەکەم مەرجی ڕزگاربوونی گەلانی ئێران لە چنگ ئەو هەمووە قەیران و وێرانی و ڕۆژڕەشییە کۆتایی‌هێنان بەتەمەنی ئەم ڕێژیمەیە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP