دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

پزیشکیان: کڕنوشمان بۆ خوا برد، بۆ ئەوەی بۆ هیچکەسی تری نەبەین

هەرێم نیوز

سەرۆک کۆماری ئێران، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی رونە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش چەندین جار ئەمەی پشتڕاستکردووەتەوە، وتی: ئێمە ئامادەیی بۆ پشکنینەکان، بەڵام هەرچەشنە بێبەشکردنی گەلەکەمان لە تەکنەلۆجیا بە قبوڵنەکراو دەزانین.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە دیداریدا لەگەڵ موراد نورلیۆ جێگری سەرۆک وەزیرانی کازاخستان رایگەیاند، "ئێمە لەبەردەم خودادا کڕنوشمان بردووە، بۆ ئەوەی لەبەردەم هیچ کەسێکی تردا جگە لە خودا کڕنۆش نەبەین، هەروەها قبوڵ ناکەین کە ئەوانی دیکە بڕیار لەبارەی داهاتوو و چارەنووسی میللەتەکەمانەوە بدەن".

ئەم لێدوانانەی سەرۆک کۆماری ئێران هاوکاتە لەگەڵ لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەبارەت بە خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران ئەمریکا کە دەڵێت؛ بەمزوانە عومان شوێن و کاتی خولی شەشەمی دانوستانەکان دیاریدەکات.

دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکی دەیان ساڵەی تاران لەسەر ویستە ئەتۆمییەکانی تاران، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم وەستاوە.

واشنتن و تاران لە مانگی 4ی ڕابردوەوە پێنج خولی دانوستانیان ئەنجامداوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ جێگرتنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015، کە ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆكایەتیەكەیدا لە ساڵی 2018ـدا کشانەوەی وڵاتەکەی لێی ڕاگەیاند.

ترەمپ ڕۆژی  دووشەممە ڕایگەیاند، ئیدارەکەی ڕێگە بە "هیچ جۆرە پیتاندنی یۆرانیۆم" نادات، سەرەڕای پێداگری ئێران لەسەر مافی خۆی بۆ ئەو کارە بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی .

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەوەدا کە پێشنیاری واشنتن دژایەتی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی تاران دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP