هەرێم نیوز
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، هەواڵگری وڵاتەكەیان هەزاران بەڵگەنامەی پەیوەست بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل دەستکەوتوە و ئاماژەیان بەوە کردوە کە قەبارەی ئەو بەڵگەنامانە "زۆر گەورەیە".
ڕادیۆی فەرمی ئێران، ئەمڕۆ شەممە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویكردەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنە یەکێک لە بەرفراوانترین هێرشە هەواڵگرییەكان پێکدەهێنێت کە تا ئێستا دژ بە ئیسرائیل ئەنجام دراوە.
هاوکات، تەلەفزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە: دەزگای هەواڵگری ئێران بڕێکی زۆر زانیاری و بەڵگەنامەی ستراتیجی و هەستیاریان لە ئیسرائیل دەستکەوتووە کە هەزاران بەڵگەنامەی پەیوەست بە پڕۆژە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی رژێمی ئیسرائیلی تێدایە.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە: 17 رۆژ لەمەوبەر دەزگای ئاسایشی شین بیت و پۆلیسی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێک دا دەستگیرکردنی دوو کەسیان راگەیاند کە هەردووکیان تەمەنیان 24 ساڵە و خەڵکی باکووری ئیسرائیلە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئێران و ئەو دووکەسە لەسەر ئێمە دەستگیرکراون.
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە، هەرچەندە ئۆپەراسیۆنی بەدەستهێنانی ئەو بەڵگەنامانەی پێشتر باسکراون ماوەیەک لەمەوبەر ئەنجامدراوە، بەڵام قەبارەی زۆری بەڵگەنامەکان و پێویستی گواستنەوەیان بە سەلامەتی بۆ ناو وڵات بووەتە هۆی بێدەنگی لێکردنی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموویان دەگەنە ئەو شوێنە پارێزراوانەی کە تایبەتکرابوون بۆی.
لە کۆتایی هەواڵەکەدا هاتووە: "سەرچاوە ئاگادارەکان رایانگەیاندووە، زۆری بەڵگەنامەکان وا دەکات پێداچوونەوەیان و پشکنینی وێنە و ڤیدیۆکان پێویستی بەکاتێکی زۆر بێت و کاتێکی درێژ بخایەنێت".
ئەوە لەكاتێكدایە پێش دوو هەفتە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، دەستگیرکردنی دو گەنجی وڵاتەكەی بە ناوەکانی ڕۆی میزراهی و ئەلمۆگ عەتیاس راگەیاند، بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەرکی ئەمنی مەترسیدار بۆ ئێران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی پۆلیسی ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی شین بێت، ئەو دوو کەسە لە 20ی 5 دەستبەسەر کراون و گومانیان لێدەکرێت زانیاری هەواڵگرییان بۆ تاران کۆکردبێتەوە.