دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ دهۆک قەدەغە کرا

هەرێم نیوز

تەندروستیی دهۆک لە ئەمڕۆوە هاوردەکردنی مانگا و مەڕ و بزنی لە هەمو دەروازەکانی ئەو پارێزگایەوە قەدەغە کرد و هۆكارەكەشی بۆ ڕێگری لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی تایخوێنبەربون گەڕاندوەتەوە كە بوەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی گشتیی دهۆک، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ئەمڕۆوە هاوردەكردنی مانگا و بزن و مەڕێک هاوردەی پارێزگاکە  قەدەغە دەکرێت. بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەش نوسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی هەمو دەروازەکانی پارێزگاکە کردوە.

جەختیشیکراوەتەوە، ئامانج لە بڕیارەکە پاراستنى تەندروستى هاوڵاتییانە، بەوپێیەى نەخۆشى تاى خوێنبەربوون بووەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان بەگشتی لەسنورى پارێزگاکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە پارێزگاى دهۆک لە کەمتر لە مانگێکدا سێ حاڵەتى توشبوون بە تاى خوێنبەربوون تۆمارکراون، کە یەکێکیان گیانى لەدەستداوە. یەکەم توشبوو لە 10 ى ئایار تۆمارکرا، کە ژنێکى تەمەن 45 ساڵى مەڕدارى دانیشتووى شیلادزێ بوو، کە بەهۆیەوە گیانى لەدەستدا. دووەم توشبوو کە بەهەمان شێوە ژنێکى تەمەن 43 ساڵى مەڕدارى دانیشتوى ئامێدى بوو کە لە 22 ى ئایار تۆمارکرا. سێیەم توشبوو لە 3 ى حوزەیران لە قەزای باتیفا تۆمارکرا.

سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشتر لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ئاماژەى بەوەکردبوو، رێژەی گیان لەدەستدان بەهۆى توشبوون بەو نەخۆشیە زۆرە و لەنێوان 50-60% ە، چونکە تووشبووەکە تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی دەبێتەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەستەم دەبێت.

لە سێ ساڵی ڕابردوودا چەند حاڵەتێکى توشبوون بەو نەخۆشیە لە هەرێمى کوردستان تۆمارکران، بەڵام دواتر کۆنتڕۆڵکرا، دواى ئەوەى کۆمەڵێک ڕێکار گیرانەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنى سەربڕخانەکان و ڕشاندنى دەرمان لە کێڵگەکانی ئاژەڵ لە کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاردا و کەرەنتینەکردنى ئەو ئاژەڵانەى هاوردە دەکرێن لەسەر سنورەکان بۆ ماوەیەکى دیاریکراو.

ساڵى 2022 چەند حاڵەتێکى توشبوون بە نەخۆشى تاى خوێنبوون لە هەرێمى کوردستان تۆمارکران و لە حوزەیرانى ئەو ساڵە یەکەم حاڵەتى گیان لەدەستدان بەو نەخۆشیە تۆمارکرا کە گەنجێکی تەمەن 27 ساڵى خەڵکی گوندی گۆڕەزی ناحیەی خەلیفان بوو لە دەڤەری سۆران.

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بەهۆی مێرویەکی زیانبەخشەوە دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەبێتە هۆی دابەزینی سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤەکە و مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەکات.

بەرزبونەوەی پلەی گەرمی مەترسی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربوون زیاد دەکات، لایەنە تەندروستییەکان هۆشیاریی و رێنمایی دەدەنە هاوڵاتییان کە خۆپارێزیی زیاتر بکەن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP