هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: " لێبڕینی %3ــی خانەنشینان هیچ پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی و وەزارەتی دارایی نییە".
دەقی ڕوونکردنەوەی وەرزارەتی دارایی:
ڕونکردنەوەیەک لە بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە.
لەدوای بڵاو بونەوەی گشتاندنی دارایی ژمارە ( ٤ ) ی ساڵی (٢٠٢٥ ) لەڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٦/٢ ) تایبەت بە لێبڕینی خانەنشینی، وەک لە گشتاندنەکەدا هاتووە کە پاڵپشتە بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و دوو نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە ( ٥٩٨٩ لە ٢٠٢٥/٥/١٥ ) و ژمارە ( ٦١٧٠ لە ٢٠٢٥/٥/١٩ ) و کۆنوسی کۆتایی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە ( ٢٤٦٦٠ ) ی ساڵی ( ٢٠٢٤ ).
لێرەو لەوێ لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی پۆپۆلیست و کەسانی بەناو ڕەخنەگری بێ ئاگا کە لەسەر هەموو شت قسە دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ شارەزاییەکیان لەو بابەتانەدا هەبێت چەندین بوختان و چەواشەکارییان لەسەر ناوەرۆکی گشاندنەکە بڵاوکردۆتەوە.
لەپێناو ئەوەی چی تر ڕای گشتی بەلاڕێدا نەبرێت بەپێویستمان زانی بەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕاستییەکان بخەینە ڕوو.
١- دوای بەرکاربوونی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە ( ٩ ) ی ساڵی ( ٢٠١٤ ) لە هەرێمی کوردستان بەپێی بریاری ژمارە ( ٢٥٩ ) لە ٢٠٢٤/٧/٣ و سەپاندنی ڕێژەی ( ١٠٪ ) لێبڕینی خانەنشینی ( توقیفات التقاعدیە ) لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەمەش ڕێژەی ( ٣٪ ) لێبڕینی خانەنشینی لە ڕێکەوتی ( ٢٠١٤/١/١) تا ( ٢٠٢٤/٦/٣٠ ) وەکوو قەرز تۆمار دەکرێت لەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان کە بەپێی نوسراوی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بەژمارە ( ١٩١٠٠ ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٥/٨ ) کە ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد کراوە و تیایدا کۆنوسی لیژنەی کۆتایی لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٣/٩ ) هاوپێچ کراوە ئەم لێبڕینەی سەپاندووە بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٦/١ ) لێبڕینەکە لە مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
٢- ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکوو لەسەر بڕیاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و خودی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارە جێبەجێ کراوە، لەمانگی شوباتەوە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ هەوڵیداوە ئەو لێبڕینە جێبەجێ بکات و بەماوەیەکی کورتیش پارەکە وەربگرێتەوە ، بەڵام بەهەوڵی تیمەکانی وەزارەتمان ماوەی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە درێژ کرایەوەو چەند مانگێکیش جێبەجێکردنەکەی دواخرا، کە هەموو مانگێک وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەو لێبڕینەی کردبووە یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی تەمویلی مووچە.
٣- چۆن جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بۆتە هۆی سودمەند بوونی سەدان هەزار خانەنشین و فەرمانبەر کە لە داهاتودا بەم یاسایە خانەنشین دەبن، دەبێت ئەو پابەندیەش جێبەجێ بکرێت کە بریتییە لە دانەوەی ئەو جیاوازی لێبرینە کە لایەنێکی تری یاساکەیە.