هەرێم نیوز
کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند، کۆمەڵ لە گفتوگۆکانی دروستکردنی هاوپەیمانەتی نەکشاوەتەوەو زۆر جددیش بوە.
لیژنەی كۆمەڵی دادگەریی بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دروستكردنی هاوپەیمانێتیەكی سیاسیی لەنێوان هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات، خواست و ئامانجی كۆمەڵی دادگەریی بووە و لەم پێناوەشدا لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی دەستپێشخەریی و پرۆژەمان هەبووە و هەنگاوی جدیشمان بەو ئاراستەیەدا ناوە .
باسی لەوەشکرد، چەند كۆبوونەوەیەكیش لەنێوان هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدرا، بەڵام بەداخەوە هەر لە سەرەتاوە هەوڵی شکستپێهێنانی دەدرا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لە كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕایدەگەیەنین:
یەكەم: کۆمەڵ لە گفتوگۆکانی دروستکردنی هاوپەیمانەتی نەکشاوەتەوەو زۆر جددیش بوە چونکە خۆی خاوەنی پڕۆژەکە بوە و تا ئێستا بەردەوام و سوورە لەسەر دروستکردنی ئەو هاوپەیمانەتیە فراوانە بەئاڕاستەی بەرژەوەندی گشتی خەڵک !
دووەم: لە كۆبوونەوەی ڕابردوو، نوێنەرانی نەوەی نوێ دوای ئەوەی هەندێ پێشنیار کرا هۆڵی كۆبوونەوەیان بەجێهێشت .
سێهەم:شەوی ڕابردوو ڕەوتی هەڵوێستیش كشانەوەی خۆی لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییە سیاسییە ڕاگەیاند .
گووتیشی، لێرەشەوە ڕایدەگەیێنین کە ئەگەر هەر لایەنێك هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕاستییەكان و چەواشەكردنی خەڵك بدات ئەوا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاستیەکان بۆ ڕایگشیی ئاشكرا دەکەین.