هەرێم نیوز
جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە بەغدا رایگەیاند، عێراق هەر كاتێك داهاتەكانی عێراق كەمدەبێتەوە، دەست بۆ مووچەی خەڵكی كوردستان دەبات، لاێ خۆشیەوە سیپان شێروانی دەڵێت، لەكاتێكدا كە نزیكەی 45 ڕۆژە بەبێ هۆكار بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەداوە، كەچی خەریكی سەخاوتە بە گەنمی عێراق بەسەر وڵاتانی عەرەبی.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە بەغدا لەسەر دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕایگەندووە، عێراق پێی حەیفە مووچە بۆ خەڵكی كوردستان بنێرێت و هەر كاتێك داهاتەكانی عێراق كەمدەبێتەوە، دەست بۆ مووچەی خەڵكی كوردستان دەبات لە جیاتی ئەوەی دەست بۆ پارەی یەدەگی بانكی ببات، بەو شێوەیە كورتهێنانەكەی پێ پڕدەكاتەوە.
دەشڵێت: جێی نیگەرانییە كەسانێكیش هەن لەناوخۆی كوردستان پاساو بۆ دواخستنی مووچە لەلایەن بەغدا دەهێننەوە.
لای خۆشیەوە، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، “لەكاتێكدا كە نزیكەی 45 ڕۆژە بەبێ هۆكار بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەداوە، كەچی خەریكی سەخاوتە بە گەنمی عێراق بەسەر وڵاتانی عەرەبی، جا ئەمەش لە كاتێكدایە كە بەهۆی بێ بارانی پێشبینی وشكەساڵیی و كەمبوونی گەنم لەمساڵ دەكرێت.”
ڕاشیگەیاندووە، وێرای نەناردنی مووچە خەڵكێك بیانوو بۆ بەغدا دەهێننەوە و دەشڵێت: “كەسانێكیش دێن بەهانەی بۆ دێننەوە كە گوایە داهاتی ڕادەستكراو كەمە، دیارە داهاتی رادەستكراوی ئەو وڵاتانەی عێراق كۆمەكی دارایی و نەوتی خۆڕایی و گەنمییان بۆ دەنێرێت زیاترە لە وەی هەرێم ڕادەستی كردووە.”