هەرێم نیوز
پارێزگای هەولێر لەبارەی ڕێگریکردن چەند ڕێنماییەکی بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە بەرگرتن و خۆپارێزیى لە نەخۆشى (تای خوێن بهربوون) (الحمی النزفیه) ئەنجامدرا کە نهخۆشییهكی ڤایرۆسی مهترسیداره بۆ سهر ژیانی مرۆڤ و له ڕێگهی ئاژهڵهوه بۆ مرۆڤ دهگوازرێتهوه و ههندێكجار له مرۆڤهوه بۆ مرۆڤ.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر دواى ئەوەى بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى بڵاو بوونەوەى نەخۆشییە کرد و لە نزیکەوە ڕا و سەرنجى ئامادەبووانى وەرگرت بەڵام تاکو ئێستا لە هەرێمى کوردستان هیچ حاڵەتێکى ئەم نەخۆشییە بەدی نەکراوە، بەڵام لەو ماوەیەدا لە چەند شارێکی عێراق چەند حاڵەتێک تۆمار کراوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە.
ئاشکراشیکرد، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و پاراستنى سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان و ڕیگەگرتن لە مەترسییەکانى بڵاوبوونەوەى نەخۆشى (تاى خوێنبەربوون)، لە کۆبوونەوەكەدا ئەم بڕیارانەى خوارەوە دەركران:-
یەکەم/ بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەى کوشتارگەکان بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى سەرببڕدرێت، لە بەردەم دوکان و شەقامەکان، لە ماڵان، ئەرکى قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییە و شارەوانى و لیژنەکانى تەندروستیی و لیژنەى چاودێرى بازاڕە، ڕێگرى لەو کارە بکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچى بکات ڕێکارى توندى یاسایی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.
دووەم/ قەسابەکان پابەندن بن بەڕێنماییە تەندروستییەکان بە لەبەرکردنى کەلوپەلى خۆپارێزى.
سێیەم/ پێویستە هاووڵاتییان گۆشتیى سوور لە شوێنى ڕێگەپێدراو بکڕن و دەستکێش لەدەست بکەن و هیچ برینێک نەبێت و تەختەى لەتکردنى گۆشت لە تەختەى لەتکردنى سەوزە جیاواز بێت.
چوارەم/ بەهاوکارى یەکە کارگێڕییەکان، دەست بکرێت بە هەڵمەتى شوشتن و ڕشاندنى ئاژەڵى خۆماڵى.
پێنجەم/ لەلایەن هۆبەکانى ڤێتەرنەرى و موختارى گوندەکان، هەموو ئەو هاووڵاتییانەى خاوەنى ئاژەڵ و کارى ئاژەڵدارى دەکەن، ئاگادار بکرێنەوە لە ڕشاندنى ئاژەڵەکانیان بە دەرمانى دژە (قرنە) کە ئێستا بەردەوامە.
شەشەم/ ڕشاندنى گۆڕەپان (مەیدان)ى ئاژەڵان بەگشتى کە لە ئیستادا دەستى پێ کردووە.
حەوتەم/ خاوەنى کێڵگەکان و بازرگانانى ئاژەڵان، دەبێت پابەندبن بە ڕشاندنى ئاژەڵەکانیان بەسەرپەرشتى ڤێتەرنەرى.
هەشتەم/ دەبێت باخچەکانى ئاژەڵانى سنوورى پارێزگاى هەولێر لەژێر سەرپەرشتى ڤێتەرنەرى هەموو ئاژەڵەکانیان بشۆن و بڕشێنن.
نۆیەم/ هاتنى ئاژەڵ و گۆشت لە دەرەوەى شارى هەولێر بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى و پزیشکى، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.