دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری بەرگری ئیسرائیل: هێزەکانی ئیسرائیل باجێکی قورس دەدەن بۆ سەرکەوتنە سەربازییەکانیان

هەرێم نیوز 

وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل باجێکی قورس دەدەن بۆ سەرکەوتنە سەربازییەکانیان لە دژی حەماس، دەشڵێت، شەڕی غەززە ڕاناگرن تا دیلەکان ئازاد نەكرێن. 

ئیسرائیل كاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەمڕۆ لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاوكردەوە، "هەزاران سەرباز و یەدەگی ئیسرائیلی قارەمانانە لە غەززە شەڕ دەکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و لەناوبردنی حەماس".

ئاماژەی بەوەشكرد، "دەستکەوتەکان گەورەن، بەڵام مەترسییەکان زۆرن و باجەكەی قورسە". جگە لەوەش داوای لە هەمو ئیسرائیلییەکان کرد کە پشتیوانی لە بەهێزکردنی سەرکردە و سەربازەکانی سوپا بکەن.

ئەو لێدوانە دوای ئەوە هات کە سوپای ئیسرائیل دو ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند، لە کاتی شەڕدا سەربازێک کوژراوە و سەربازێکی دیکە بە سەختی بریندار بوە. هەروەها کاتز زیاتر لە جارێک هۆشداریدا لەوەی کە شەڕی غەززە ڕاناگرن تا دیلەکان ئازاد نەكەن و حەماس لەناونەبەن. 

ئیسرائیل پێشتر هەواڵی کوژرانی 400 سەربازی لە کاتی شەڕی غەززە بڵاوکردبوەوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 51 هەزار فەلەستینی کوژراون کە زۆربەیان منداڵ و ژن و بەساڵاچون، ئەوەش بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP