دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

وتاری بارزانی لە كۆنفرانسی یەكڕیزی: پشتیوانیی هەر هەوڵێكی دڵسۆزانە بۆ یەكڕیزیی گەلی كورد دەكەم

هەرێم نیوز

نوێنەری بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ، لە گوتارێکیدا پەیامی بارزانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دیدگایەکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد و  چارەکردنی دۆزی کورد.

حەمید دەربەندی، نوێنەری بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ، پەیامی بارزانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دیدگایەکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد و  چارەکردنی دۆزی کورد تاکوو بەشداریی کورد لەم وڵاتەدا مسۆگەر بکات.

ئاماژە بەوەشدراوە،  ده‌مانه‌وێ سوپاسی هه‌وڵه‌كانی مه‌زڵوم عه‌بدی بكه‌ین بۆ ئه‌م كۆنفڕانسه‌ و هیوادارین له‌ هه‌وڵه‌كانتان به‌رده‌وامبن له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی دۆزی كورد، ده‌رفه‌تێكی زۆر باش ڕه‌خساوه‌ و به‌رپرسیارێتی ‌ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانتان بۆ تێپه‌ڕاندنی ئاله‌نگارییه‌كان و ئاماده‌كاریی بۆ پرۆژه‌یه‌كی گونجا بۆ به‌دیهێنانی خواسته‌كانی گه‌لی كورد، له‌ چوارچێوه‌ی سوریایه‌كی یه‌كگرتوو و ئازاد و دیموكراتدا، وه‌ڵامی ئاله‌نگارییه‌كانی هه‌رێمایه‌تی به‌ڕێگه‌ی ئاشتیانه‌ وه‌ك بژارده‌یه‌كی ستراتیژی بۆ مسۆگه‌ركردنی مافی گه‌له‌كه‌مان بده‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا كاتێكی گونجاوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی گه‌له‌كه‌مان.

ئه‌مه‌ش ده‌قی وتاره‌كه‌ی بارزانییه‌:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
خوشک و برایانی خۆشەویست
ئامادەبوانی بەڕێز..

زۆر خۆشحاڵم کە لەم بۆنە گرنگەدا سڵاوى خۆم بە ئێوەى بەڕێز و لە ڕێگەی ئێوەشەوە بە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگەێنم.
ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێكی گرنگ و مێژووییە بە ئاراستەی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یەکڕیزیی کورد و دەستەبەربوونی دیدێکی یەکگرتوو و هاوبەش لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد کە هاوبەشیی ڕاستەقینەی گەلی كورد لە وڵاتەکەتاندا مسۆگەر بکات و هەروەها ببێتە هۆی بەشداریتان لە داڕشتنی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان.

لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت کە دەستخۆشی لەو هەوڵانەی بەڕێز مەزلوم عەبدی و یەك بە یەكی ئێوەى خۆشەویست بکەم لە ڕێخۆشكردن و ئامادەكاری بۆ بەستنی ئەم کۆنفرانسەدا، هیوادارین هەمووتان لە هەوڵەکانتان بەردەوام بن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی لێکتێگەیشتن و کاری هاوبەش لە نێوان ڕیزەکانى گەلەکەماندا.

ئاشكرایە گەلی کورد لە سوریا دەیان ساڵە بەدەست پەراوێزخستن و هەموو جۆرەکانى بێبەشبوون و نكۆڵی و چەوساندنەوە دەناڵێنێت. ئەمڕۆ لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە سوریا و ناوچەکەدا ڕوویان داوە و لە داهاتووشدا ڕوو دەدەن، دەرفەتی زۆر باش بۆ گەلەكەمان هاتۆتە ئارا و ئێوە بەرپرسیاریەتێکى مێژوویى گرانتان لە ئەستۆدایە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان و داڕشتنی پرۆژەیەکی هەمەلایەنەى گونجاو کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی گەلەکەمان بێت لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوو و ئازاد و دیموکراسیدا.

لەبەر ڕۆشنایی تەحەددیاتی ئێستاى ناوچەکەمان، گرنگیی خەباتی دیموکراسیی و ئاشتیانە وەک بژاردەیەکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە خواستەکانیان بەدیار دەكەوێت. لەم چوارچێوەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسی ئەمڕۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکان زۆر لە جاران گرنگترە و ئەنجامی باشتریشی لێ دەكەوێتەوە.

ئێوەى بەڕێز زۆر باش ئاگاداری کاریگەرییە نەرێنییە بەرچاوەکانی شەڕ و توندوتیژی لەسەر گەلی سوریا بوون، کە بووە هۆی لەناوچوونی ژێرخانی وڵات و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی و شێوانی شیرازەی ژیان و بەهێزبوونی مەترسیەكانی توندڕۆیی و تایفەگەری و تیرۆر.

هەربۆیە ئێمە پشتگیری لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێى دیموکراسیی و فرەیی و یەکسان دەکەین کە تیایدا مافەکانی گەلی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە مسۆگەر بکرێت و ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ستەمکاری و دیکتاتۆریەت نەمێنێت. هەروەها پشتیوانی لە داڕشتنی دەستوورێک دەكەین کە گەرەنتی ئەم پرەنسیپانە بکات و ئاسایش و سەقامگیری و پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە وڵات مسۆگەر بكات و بپارێزێت، ئەمە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەش بۆ هەموو سوورییەکان، کە گەرەنتی مافە مەدەنی و سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی هەموو هاووڵاتییان بکات.

بەڕێزان دەمەوێ دووپات بكەمەوە كە یەکگرتوویی کورد و بنیاتنانی پێگەیەکی هاوبەش دەروازەی بنەڕەتییە بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ پرسی کورد لە سووریا. لەم ڕوانگەیەوە پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردیی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دمشق، هەنگاوێکی پێویستە بەرەو هاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە داڕشتنی داهاتووی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردمان و بەشداری کاریگەرانە لە پڕۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا.

هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی پتەوکردن و چەسپاندنی پەیوەندیی برایەتی نێوان کورد و هەموو پێكهاتەكانی تری گەلی سوریاى دراوسێمان دەکەینەوە. چەسپاندنی ئاشتی مەدەنی و پشتیوانیکردن لە کولتوری لێبوردەیی و ئاشتەوایی نیشتیمانی و دڵنیابوون لەوەی داهاتووی سوریا لەسەر بناغەکانی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە یەکتر و هاوڵاتیبوونی یەکسان دادەمەزرێ كە بنچینەى سەرەکین بۆ بنیادنانى وڵاتێکى سەقامگیر و ئارام بۆ هەمووان.

لە کۆتاییدا داواى سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەکەم و هیوادارم دەرئەنجامەکانى ببنە مایەى بەهێزترکردنی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان و لە ئاستى ئازار و قوربانیدان و مێژووی گەلی کورد بێت. پشتیوانی تەواوی خۆم بۆ هەموو هەوڵێکی دڵسۆزانە دووپات دەکەمەوە کە ئامانج لێی یەکخستنی ڕیزەکانی کورد و پێکەوە کارکردنبێت بۆ داهاتوویەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ گەلەکەمان.
هەر سەركەوتوو بن و بمێنن لە خێر و خۆشیدا..

مەسعود بارزانی
هەولێر
٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP