هەرێم نیوز
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە سەرجەم پارێزگاکان بەردەوامە و تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن تۆماری دەنگدەران تۆمارکراوە و ناو تۆمارکردن لە رۆژانی هەینی و شەممەش کراوەیە.
ئەمڕۆ هەینی ٢٥ـی نیسانـی ٢٠٢٥، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن ڕایگەیاند، ئێستا پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە نزیکەی ١٠٧٩ ناوەندی تۆمارکردن لە سەرانسەری ناوچەی جوگرافیای هەڵبژاردنەکاندا بەڕێوەدەچێت.
باسی لەوەشکرد، کە لە ٢٤ یان ٢٥ـی مانگی رابردوو دەستیان بە کارکردن کردووە، رۆژانەش لە کاتژمێر ٨ـی بەیانی تا ٥ـی ئێوارە بەردەوامە.
ئەوەشی خستەڕوو، مەبەست لە درێژکردنەوەی ماوەی نوێکردنەوەکە ئەوەیە کە دەرفەت بدرێت بە فەرمانبەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتی تایبەت بۆ نوێکردنەوەی داتاکانیان، بەتایبەتی کە بەدەستهێنانی کارتی بایۆمەتری پێویستە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
دووپاتیکردەوە، ناوەندەکانی تۆمارکردن بەدوای زیادکردنی رێژەی نوێکردنەوەدا دەگەڕێن لە رێگەی ناردنی تیمی مۆبایل بۆ زانکۆکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت و ناوچەی نیشتەجێبوون، کە هاوڵاتیان دەتوانن داتاکانیان لە هەر ناوەندێکی تۆمارکردندا نوێبکەنەوە، تەنانەت ئەگەر خەڵکی پارێزگایەکی دیکەش بن، بەو پێیەی دەتوانن لە رۆژی هەڵبژاردندا لە پارێزگاکەی خۆیان دەنگ بدەن.
هەروەها، کۆمسیۆن دوێنێ، پێنجشەممە، تا کاتژمێر یەکـی پاشنیوەڕۆ گەیشتە نزیکەی ٨٩٠ هەزار حاڵەتی نوێکردنەوە و تۆمارکردن، پێشبینیش دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی دەوامی فەرمی ژمارەکان یەک ملیۆنی تێپەڕاندبێت، بەتایبەتی هەندێک پێیان وایە دوێنێ دوا وادەی نوێکردنەوە بووە، سەرەڕای ئەوەی پرۆسەکە تا ٢٣ـی ئایار بەردەوام بووە.
هاوکات، سەبارەت بە ناوچە دوورەکان وتی، کۆمسیۆنەکە تیمی مۆبایل جێگیر دەکات بۆ نوێکردنەوەی داتای دانیشتووان لەوێ، داتای ئاوارەکان، و رێژەیەکی بەرز لەم رووەوە بەدەست هاتووە و ژمارەی ئاوارەکانی تۆمارکراو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ گەیشتە ١٢٠ هەزار کەس، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ٤٢-٤٥ هەزار کەمیکردووە، و پێدەچێت لەم خولەدا زیاتر کەمببێتەوە بەهۆی گەڕانەوەی زۆرێک لە هاوڵاتیان بۆ ناوچە سەرەتاییەکانی نیشتەجێبوونیان.