هەرێم نیوز
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی کە سێ ساڵ پێش ئێستا تاوانێکی کوشتن لە شاری هەولێر ئەنجام درا، تۆمەتبار ڕایکرد بۆ دەرەوەی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان، دواجار توانرا دەستگیربکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەمجۆرە باس لە کەیسەکە دەکات: سێ ساڵ پێش ئێستا کێشەیەک لەنێوان چەند کەسێک ڕووی دا، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، کە لە ئەنجامی دەمەقاڵێ توندوتیژیی لێکەوتەوە و چەک بەکار هات و تەقە کرا کەسێک کوژرا.
بەوتەی پۆلیسی هەولێر، هەر ئەوکات تۆمەتبار هەڵاتبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی پۆلیس بە وردی چاودێریی تۆمەتبارەکەی دەکرد، تۆمەتباری ئاماژەپێکراو دوای گەڕانەوەی بۆ شاری هەولێر، بە زووترین کات لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرا، کە لە کاتی دەستگیرکردنیشیدا تۆمەتبار چەکی جۆری کڵاشینکۆف و دەمانچەی پێبوو و دەستیان بەسەردا گیرا.
پۆلیس دەڵێت، هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە هیچ کەسێک لەدەستی یاسا و پۆلیس دەربازی نابێت و تۆمەتباران لە هەرکوێیەک بن بە سزای خۆیان دەگەن.