دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

ئامادەكارییەكان بۆ كۆنفرانسی یەك هەڵوێستی كورد لە سوریا تەواوبووە

هەرێم نیوز 

لیژنەی ئامادەکاری بۆ "کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی کورد لە سوریا"، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشكرایكرد، سەرجەم رێوشوێنەكانی  تەواوکردووە، لە ئەمڕۆوە بانگهێشتنامەی بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا دەنێردرێت.

عەبدولوەهاب خەلیل، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری كۆنفرانس، بە ئاژانسی "نۆرس پرێس" وتووە، دوێنێ چوارشەممە لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە کۆبووەتەوەو بڕیاریداوە بانگهێشتنامە ئاڕاستەی ئەو ئەندامانە بكات کە لەلایەن لیژنەی ئامادەکارییەوە دەستنیشانکراون، لەگەڵ  لایەنە کوردستانییەکانی بەشداربوی کۆنفرانسەکە.

رونیشیکردەوە، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ناوی ئەو ئەندامانەی ناردووە کە هەڵیبژاردووە بۆ لیژنەی ئامادەکاری، ئێمەش لای خۆمانەوە بانگهێشتیان دەکەین.

ئاماژەی بەوەشداوە، نوێنەری لایەنە کوردییەکان بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن. 

پێشتریش، سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا راگەیاند، زیاتر لە (300)کەس بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن، ئامادەبون سنوردار دەبێت بۆ ئەوانەی ئێستا لە (رۆژئاوا) باکوری سوریا نیشتەجێن.

لە کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی کورد لە سوریادا، بڕیار دەدرێت بە پێکهێنانی وەفدێكی هاوبەش بۆ پێشکەشکردنی دیدگای سیاسی كورد بە ئیدارەی دیمەشق، هەر لە كۆنفرانسەكەدا  ناوی وەفدەكەو ژمارەی ئەندامەكانی دیاری دەكرێن.

جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رۆژی سێ شەممەی رابردوو  رایگەیاند، کۆنفرانسی یەك هەڵوێستی کورد لە سوریا لە (٢٦)ی نیسان بەڕێوەدەچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP