دواین هەواڵ

ئابوری‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا هەموو گەنمی جووتیاران وەردەگرێت

هەرێم نیوز 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرێت. ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارەکە گرفتی جووتیارانی چارەسەر کرد.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرێت، زەوییەکانی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵ بە هەمان شێوەی زەوییەکانی نێو پلانی کشتوکاڵی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لە رووی ماف و شایستەکانەوە.
 
سائیر عەبدولکەریم جبووری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، "پێشوازی لەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەین، کە بەشێوەیەکی زانستی و ئابوورییانە بڕیارەکەیان داوە، گرفتی جووتیارانی چارەسەرکرد".
 
ئەندامەکەی لیژنەی کشتوکاڵ وتی، چەند رۆژێک لەمەوبەر جووتیارانی ژمارەیەک پارێزگا خۆپێشاندانیان کرد، دوای ئەوەی گوێبیستی ئەوەبوون کە هەموو گەنمەکانیان بە نرخی فەرمی وەرناگیرێت.
 
سائیر جبووری جەختی لەوە کردەوە، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی، نەک ئەو پارێزگایانەی کە خۆپێشاندانیان کردبوو. 

لە چەند رۆژی رابردوودا لە ژمارەیەک پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق جووتیاران خۆپێشانیان کرد، داوایان کرد گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵ وەربگیرێت.
 
خۆپێشاندانی جووتیاران دوای ئەوەهات، کە هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە، تۆنێک گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵ بە 450 هەزار دینار وەردەگیرێت، لەکاتێکدا نرخی فەرمی ئەوانەی لەنێو پلانی کشتوکاڵی دان، بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت.
 
بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە لە تشرینی یەکەمی 2024 دای سەبارەت بە نرخی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، جیاوازی دەکات لە نێوان ئەو گەنمەی کە بەپێی پلانی حکومەت چێنراوە و ئەوەی کە لە دەرەوەی پلان چێنراوە، هەروەها جیاوازی دەکات بەپێی شێوازی ئاودان:
 
یەکەم: گەنمێک کە لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵی حکومەتدایە (واتە حکومەت هانی داوە و پاڵپشتی دەکات):
 
- ئەگەر بە شێوازی ئاودانی نوێ (وەکو ئاودانی دڵۆپاندن، یان پرژاندن) بەرهەم هاتبێت: حکومەت هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار لێ دەکڕێتەوە. (ئەمە بەرزترین نرخە، چونکە هانی شێوازی نوێی ئاودان دەدات کە ئاو کەمتر بەکاردەهێنێت).
 
- ئەگەر بە شێوازی ئاودانی کلاسیک (کۆن) بەرهەم هاتبێت: حکومەت هەر تۆنێکی بە 800 هەزار دینار لێ دەکڕێتەوە. (ئەمەش نرخی پاڵپشتیکراوە، بەڵام کەمێک کەمترە لە هی شێوازی نوێ).
 
دووەم: گەنمێک کە لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی حکومەت چێنراوە (واتە جووتیارەکە خۆی بڕیاری داوە بیڕوێنێت بەبێ ئەوەی لە پلانی وەزارەت دا بێت)"
 
- حکومەت هێشتا ئەم گەنمەش لە جووتیاران وەردەگرێت، بەڵام بە نرخی بازاڕی جیهانی، نەک بەو نرخە بەرزەی کە پاڵپشتی دارایی حکومەتی لەسەرە.
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP