دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

ئەوانەی کە دەستیان نییە ، چارەنووسێکیان هەر هەیە

هێمن عەبدولقادر

مارێک کە لەدایک ئەبێت دەستی نییە ، بەڵام چارەنووسی پڕە لە کێشە و تەنگەژە ، ڕەنگە ڕۆژێک ببێتە خواردنی هەڵۆیەک ، بکەوێتە چالێکەوە نەتوانێت بێتە دەرەوە ، هیچ مارێک ناجێت بۆلای فاڵگر و قاوەگرە و ساحیر تا دەستی بخوێنێتەوە.

ساحیرەکە پێت دەڵێت جادووت لێکراوە ، لە بەرواری ئەوەندە تووشی ڕوداوێک دەبیت ، ئەم هێڵانەی ناو لەپت ، پێت دەڵێن نەخۆشیەکی خراپ ئەگریت !!

بەڵام ساحیرەکە پێت ناڵێت (کاکی من کاتێک تۆ نامە بۆ ژنێکی مێرددار دەنێریت ، دەکەویتە کێشەوە) ساحیرەکە پێت ناڵێت (خوشکی من وەختێک لە گەڵ پیاوێکی خێزاندار و منداڵدار ، دەکەویتە پەیوەندییەوە دەکەویتە کێشەوە) ، ساحیرەکە تەقەی سەری دێت پێت ناڵێت (کاتێک تۆ وەکو ئەختەبووت بە هەشت دەست ، پەلاماری عەرزە کڕین و ئاڵتوون کڕین و تمەن کڕین و ...هتد دەدەیت ، ئەشێ زەرەر و زیانی زۆریش بکەیت) ، کەس پێت ناڵێت ، تۆ وەکو گورگی چوار چاو دەروون و ناخت پرە لە نەخۆشی و ئیرەیی و ڕق ، پەلاماری هاورێ و هاوپیشە و خزم و ناسیاوەکانت ئەدەیت ، ئەوانیشی دەتوانن وەڵامت بدەنەوە ، دوای دێیت دەڵێی وەڵا ژیانم تێک چووە ؟

پەپوو سڵێمانەی قور بەسەر ئەگەر بیتوانیبایە دوو کەس بەیەک بگەیەنێت ، خۆی نەئەبوو بە داوی مرۆڤەکانەوە ، کەمتیاری بەد بەخت ئەگەر بیتوانیبایە ، دوو کەس لەیەک بکا ، خۆی لە بێچووەکانی نەئەبوو تا تۆ کەوڵی بکەیت ! قاچی سەگێک ئەگەر بیتوانیبایە چارەنووسێکی خراپ لەسەر کەسێک لابەرێت ، خۆی نە ئەگەیشت بەو چارەنووسە خراپە.

کورد ئەڵێ (هەر دارێک زۆر نەرم بێت کرم ئەیخوات) ، هەر ئینسانێک فێری بەرپرسیارێتی هەڵگرتن نەبوو ، خورافیات و بێعەقڵی ئەیخوات.

خودایەک بەو هەموو گەورەیەی کە ملیۆنان مەجەڕە بە یاسای فیزیایی وورد هەڵدەسوڕێنێت ، تۆ ئەچیت بۆ سەیران ، حەز ناکەیت فلان و فیسار بێت ! یاپراخ و تورتە و شەش تاک بازنگ و تاقمە ئەڵماس لەڕقی دش و هێوەر و خەسوو، کاری بێعەقڵی مرۆڤە نەک خودایەکی گەورە ، تێگوشین و سەیارە هێنان بەقیست و شوقە کڕین و هەڵپەی پارە لەڕقی ئاوەڵزاو و هاوڕێ و خزم کاری نەفامی مرۆڤە لەبازاردا ، نەک ئەوانی تر.

خودایەک (ئەستێرە بنێرێت بۆ دەریاوان تا لەدەریادا ون نەبێت) خودایەک مانگ بنێرێت بۆ تاریکی شەو ، ڕێواسێک لە بن بەردێکا بشارێتەوە بۆ باڵندەیەک ، پۆڕگ و دەنکۆڵەی هەڵالە ، لەرێگەی قاچی بچووکی هەنگێکەوە بپیتێنێت ، ئەم خودا گەورەیە ، خەریکی کاری گەورەیە نەک ئەوەی ، تۆ بەسەیارەیەکەوە لەسەر جادە سکلێتەر قەپات بکەیت و تەقەڵ لێبدەیت و حەوت تەقلە لێبدەیت و دوان بکەیتە قوربانی و بڵێی فڵان کەس لێی خوێندم ، ئەمانە کاری شەیتانەکانی ناخمانن.

خودا لەوە گەورەترە ، چارەنووسی بەدی ئینسانێک لە رێگەی بڕینی کلکی پشیلە و دەست و قاچی سەگ و ئێسقانی باڵندەوە بگۆڕێت.

مەگەر زەکەرییا لەقەومەکەی ڕای نەکرد ؟، مەگەر سوقرات ژەهرخوارد نەکرا؟ ، مەگەر گالیلۆ دادگایی نەکرا؟ ، کە ڕاستەوخۆ پارێزبەندی (خودا و ژیری و زانستشیان) هەبوو !

ئەوانەشی کە دەستیان نییە ، لە کۆتایدا هەر چارەنووسێکیان هەیە ، بۆیە دەست لە ئاژەڵی بیزمان و بەدبەخت هەڵگرن ، هیچ شتێک چارەنووسی ئێوە ناگۆڕێت جگە لە خودا

ئەوەی دەبێت بگۆرێت ، نامەی مۆبایلەکانمانن ، شێوازی پەیوەندیمانن ، تەماع و جاوچنۆکیەکانمانن ، هەڵپە و پەلاماردانەکانمان، ئەگەر مرۆڤ ئەم توندوتیژی و خێرایەی کەم کردەوە ، ژیانیشی خۆی و خێزان و دەروون و پەیوەندیەکانیشی خاو و هێمن و بێکێشە دەبێتەوە.

(افلا تعقلون) ئایا ژیریتان بەکار ناهێنن ؟
نوقتە سەری دێڕ ....

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP