هەرێم نیوز
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان رایگەیاند، ڕێژەی کۆچکردنی گەنجان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەئاست ساڵانی پێشوو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە ئەبوبەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کۆچکردنی گەنجان و هاوولاتییانی هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد کە بەپێی ئەو ئامارە، لەماوەی دوو ساڵی پێشوو نزیکەی 30 هەزار و 500 کەس بۆ دەرەوەی وڵات کۆچییان کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی 2023 نزیکەی 21 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بەرەو هەندەران کۆچییان کردووە کە لەو ڕێژەیە 3500 کەسییان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بوون، هەروەها لەم ڕێگایەش 37 هاووڵاتیی گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەپێی ئەو ئامارەكان، لە ماوەی ساڵانی 2024 بۆ 2025 ڕێژەی کۆچی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بۆ 8 هەزار کەس کەمی کردووە، لەو ڕێژەیەش 46 هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.
دەربارەی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کۆچی هاووڵاتییان، ئاشکراشیکرد، خۆشبەختانە ئەمساڵ رێژەی کۆچ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئێمە وای دەبینین بەپێچەوانەی ساڵانی پێشوو کۆچی پێچەوانە لە وڵاتانی دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە، ئەمەش بەهۆی گەڕانەوەی جۆرێک لە سەقامیگریی ئابووریی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەش ئومێدێکی بۆ گەنجان دروستکردووە.
ڕوونیشیکردەوە، لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردووەوە، دەستگیرکردنی باندەکانی کۆچکردن لەلایەن بەریتانیا دەستی پێ كردووە و بەردەوامن لە گەڕان بەدوایاندا و بەهاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی كوردستان ڕێژەیەکی زۆریان لێ دەستگیر کردوون، دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاریی سەبارەت بە مەترسییەکانی کۆچکردنیش هۆکارێکی دیکەیە، هەر لەبەر ئەوەش هاوولاتییانی هەرێم لە ئێستادا کەمتر بیر لە کۆچکردن دەکەنەوە.