دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

پەرلەمانی عێراق بڕیار لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدات

هەرێم نیوز

لەسەر داوای شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆكی پەرلەمان و جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندی درا لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەماندا پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە دەنگدانەوە.

ئەمشەو شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، “ئێستا بەسوپاسەوە ڕەزامەندی بەرێزان سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانم وەرگرت بۆ ئەوەی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسایی بەپارێزگابونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ دانیشتنی سبەی رۆژی سێشەمە”.
وتیشی: “بەوەش لەلایەک داوایەکی سەرۆک بارزانی لەسەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەو بەڵێنەی دابومان بەنوێنەرو کەسایەتییەکانی هەڵەبجە جێ بەجێ کرا، لەگەڵ فراکسیونەکانی ناو پەرلەمانیش قسەمان کردووە بۆ ئەوەی پرۆژەکە تێپەرێت”.

بە گوێرەی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، کاتژمێر 08:00ـی ئەمشەو، سێشەممە، پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی شەش بڕگە کۆ دەبێتەوە. بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەش، دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، بەڵام چەندین جار بەهۆی دژایەتیی لایەنە عێراقییەکان، دەنگدان لەسەری دواخراوە. ئەگەر پرۆژەیاساکە پەسەند بکرێت، هەڵەبجە دەبێتە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان لە دوای هەولێر، سلێمانی و دهۆک. 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 13ی3ی2014، لە سەردەمی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی دەرکرد، بەڵام ڕێگرییەکانی لایەنە سیاسییەکانی بەغدا بووەتە هۆی ئەوەی چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان بێ دانپێدانانی فەرمی و بودجەی تایبەت بمێنێتەوە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP