دواین هەواڵ

جیهان‌

 20/03/2025

لەبارەی ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران؛ ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان کۆدەنەوە

هەرێم نیوز

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، شاندەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا هەفتەی داهاتوو لە کۆشکی سپی وتووێژی ستراتیجی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام دەدەن.

پێگەکە بە پشتبەستن بە دوو بەرپرسی ئیسرائیلی و یەکێک لە بەرپرسانی ئەمریکی نووسیویەتی: بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران کەمە و دەیانەوێت لەگەڵ ئەمریکا هەماهەنگی بکەن لەسەر ڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئێران.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتەی ئەکسیۆس، شاندێکی پلە باڵای ئیسرائیل لە هەفتەی داهاتوودا بۆ ڕاوێژکاری ستراتیجی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەچێتە کۆشکی سپی.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی گروپی ڕاوێژکاری ستراتیژی ئەمریکا و ئیسرائیلە لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ و بە بەرزترین ئاستی دانوستانە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە ئێران دادەنرێت.

ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەکرد کە لایەنی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی مایک واڵتز ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ترەمپ، لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە، پنتاگۆن و بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا لەخۆدەگرێت.

شاندەکەی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیجی و تساچی هانگبی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، بەرپرسانی باڵای سەربازی، مۆساد، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری و کۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی ئیسرائیل لەخۆدەگرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP