دکتۆر هەژار عوسمان مەعرووف - پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەروون و مێشک بۆ گەورە و مناڵان
زۆربەمان نازانین ئەگەر وریای تەندروستیی خۆمان نەبین با لاویش بین مردن لە ڕەگی بناگوێ لێمان نزیکترە. یەکێک لە هۆکانی مردن یا شکست لە ژیاندا بە گشتی نکولی کردنە لە بینینی ڕاستیی ئەو دۆخەی کە تێی کەوتوی، کێشەکە قورستر ئەبێت ئەگەر نزیکترین کەسەکانت نەوێرن ئاوێنەیەکی پاک و بێگەرد بدەنە دەستی کەسەکە و پێی بڵێن فەرمو باری خراپی تەندروستیت یا باری خراپی ژیانت بە گشتی (بۆ نمونە باری دارایی یا دۆخی ژیانی خێزانی و ژن و مێردی یا.... ) لەم ئاوێنە ڕاستگۆیەدا ببینە و لێگەڕێ و یاریدەدەربە بە شێوەیەکی زانستیی مۆدێرن چارەسەری بکرێت ، زۆر جاریش ئاوێنەکە دەدرێتە دەستی کەسەکە بەڵام چەند جارێک دەیشکێنێ و ئیتر دڵسۆزانیشی ناچاردەبن وازی لێبێنن بەرەو چارەنوسی تاریکی خۆی تلاوتل بکات.
(د) تەمەنی شەست ساڵێک دەبو کاتێک پزیشکە زیرەکەکەی پێی وت لولەخوێنەکانی دیواری دڵت کە خۆراک و ئۆکسجین لە خوێندا دەگەیەنن بە ماسولکەی دڵ زۆر تەنگ بونەتەوە و فەرمو ئەمە ڕێنماییەکان و ئەمەش دەرمانەکان. ڕون و ئاشکرایە دڵ سپڵ نیە بتوانی بێ ئەو بژیت، دڵ ئەو ئەندامەیە کە شەربەتی ژیان واتە خوێن دەنێرێ بە لولەکانی خوێندا بۆ خۆی و بۆ هەمو ئەندامانی جەستەش، کە دڵ لە کارکردن کەوت ژیانیش ماڵاوایی لە جەستە دەکات ) . د) وەرزشوان بو،بەژن و باڵایەکی هەبو وەک ئەو پەیکەرە یۆنانیەی ئەحمەد هەردیی شاعیر وەسفی فاتمەی پێدەکات، (د) لە ناخی دەرونی خۆیدا پێی قوت ناچێت دڵی نەخۆش بێت و ئیتر ئەو وەرزشە سەختەی جاران دەیکرد کەمی بکاتەوە بۆئاستێکی ناوەند لە پاسکیل لێخوڕین و پێڕەوی و وەرزشی نەرم بە پێی توانای دڵە نەخۆشەکەی. (د) ڕێک بە پێچەوانەوەی ئامۆژگاریی دوکتۆرە کەی لە جارانی پێش دەسنیشانکردنی نەخۆشیی دڵەکەی زیاتردەکەوێتە وەرزشی توندتر و شەکەتکەر و وادەزانێ بەم جۆرە وەرزشە باری دڵە نەخۆشەکەی سوکتر دەکات و چاکی دەکاتەوە، پاش ماوەیەک تەندروستیی تەواو تێکدەچێ و کە دەچێتە لای پزیشکێکی تری پسپۆڕی دڵ پێی دەڵێ دەبێت لە بەشی چاودێریی وردی دڵ بخەویت، تێڕوانینە وردەکان دەریدەخەن کە لە گەڵ ئەوەی چانسی سەرکەوتن کز و لاوازە هەر دەبێت هەرچی زوترە عەمەلیاتی دڵ بکەیت، دوای عەمەلیاتەکە بە چەند مانگێک ئەو چرای ژیانەی دەشیا دەیان ساڵی تر ڕوناکی ببەخشێتەوە بە دەوروبەر وردە وردە کوژایەوە.
(ک) کەسێکی ئاساییە، خوێندن تەواو دەکات و دادەمەزرێ و بە دڵی خۆی هاوژینگیری دەکات و دەبێتە باوکی چوار منداڵی ژیکەڵەی تەندروست کە گرتنەباوەش و ڕاموسانێکیان هەمو خۆشیی دنیا دێنێ.وردە وردە و بە چەند ساڵێک دەکەوێتە چڵپاوی مەیخۆریەوە، هەرزو ژن و برا و دڵسۆزانی دەوروپشتی هەوڵی دنیای لەگەڵ ئەدەن بچێتە لای پزیشكی دەرونی بۆ چارەسەری کێشەی مەیخۆریەکەی، بەڵام ئەمیش نکولی ئەکات لەوەی کێشەی مەیخۆریی هەبێت. خۆی جار جار هەست بە هەڵە و گوناه دەکات کە زۆر دەخواتەوە و بەخۆی دەڵێت باشترە کەمیبکەمەوە، بەڵام کە کەسێکی دڵسۆزی هەمان پێشنیازی بۆ دەکات ئەم توڕەدەبێت، ئیتر وای لێدێت هەمو ڕۆژێک بێ مەیخواردنەوە ناتوانێ بژی چونکە هەمو جەستە و دەرونی بە مەی ڕاهاتون و دەبێت تێریان بکات. کاتێک هۆشی دێتەوە و ددان دەنێ بە تاڵی و کوشندەیی مەیخواردنەوە بەو جۆرەی ئەو، ئیتر درەنگە و پەشیمانی دادی نادات، پاش ماوەیەکی کورت ژنێکی گەنج بێوەژن دەکات و چوار منداڵی نازداریش لە بێنازیدا بەجێدەهێڵێ.
نکولیکردن (Denying) شێوازێکی بەرگریکردنی دەرونیە (د.سیگمۆند فرۆید) پێش نزیکەی سەد ساڵێک هێنایە دنیای دەرونناسیەوە ، شێوازێکی بەرگریکردنی دەرونیە بەرامبەرسەختی و ناخۆشیە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ڕۆژانە ، کە ئەگەر مرۆڤ بەرامبەر هەر کێشە وقەیرانێکی قورس و تاوسەندو بۆ ماوەیەکی کەم پەنای بۆبرد بە لەبیرخۆبرنەوە ونەبینینێکی کاتی بۆ ئەوەی نەشڵەژێ و هێوربێ و خۆی ئامادەبکات بۆ چارەسەرکردنێکی عەقڵانیی کێشە هەنوکەییەکانی، نکولیکردنێکی ئاوا چەند کاتژمێری یا چەند ڕۆژی سودی خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر کردت بە شێوازێکی نەگۆڕ و بەردەوام بۆ ڕاکردن وخۆدزینەوە لە بەرامبەر کۆسپ و کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەت ئەوە ئیتر دەبێتە بەڵایەکی گەورەی ژیانت ، بەڵێ نکولیکردن ئەشێ بکوژ و وێرانکەر بێت!